رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە کە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایی تۆمارکرابوون لە دژى دوو رێنماییى لەبارەى باجى سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان و خەرجکردنى بڕە پارەیەک وەک هاندان بۆ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتى باج و خانووبەرە.
رۆژی 10ى تشرینى یەکەمى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد، کە لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق و رێبوار ئەورەحمان، ئەندامى ئەو فراکسیۆنە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دارایی تۆمارکرابوون، لە دژى دوو رێنمایی وەزارەتى دارایی، کە لە ساڵى 2021 دەرکراون.
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاندووە، بە پاساوى ئەوەى بابەتەکە لە پسپۆرێتیی دادگەکەدا نییە، سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە.
سکاڵاکە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەردوو رێنمایی ژمارە 2 و 10ى وەزارەتى دارایی و ئابوورى ساڵى 2021 بووە.
رێنمایی ژمارە 2ى ساڵى 2021ى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لە 16ى شوباتى 2021 دەرکراوە، تایبەتە بە خەرجکردنى 1٪ى داهاتى زیادەى بەدەستهاتووى پلانى ساڵانەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باجەکان و خانووبەرەى میرى بۆ فەرمانبەرانى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
رێنمایی ژمارە 10ى ئەو وەزارەتە، کە لە 12ى تەممووزى 2021 دەرچووە، تایبەتە بە وەرگرتنى باج لە خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان، کە 5٪ى پارەى ئەو خزمەتگوزارییانە دەخرێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی خزمەتگوزارییەکانی ئەو نەخۆشخانانەیان پێشکێش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ