وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا جەخت لە فراوانکردنی هاوئاهەنگی لە بواری ئاو و ئاسایشدا دەکەنەوە

10-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تورکیا و عێراق بەڵێنیان دا هاوئاهەنگیی نێوانیان لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و ئاسایشی هەرێمیدا بەهێزتر بکەن، ئەوەش دوای کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات.
 
هەردوو وەزیر باسیان لە هەنگاوی کردەیی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی عێراق و پتەوکردنی هاوئاهەنگی دژی پاشماوەکانی داعش کە لە "سنووری سووریا - عێراق" جموجووڵیان زیاترە.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدانی هاوتا تورکییەکەی، باسیان لە هەنگاوە تەکنیکییە وردەکانی ئێستا کرد و رایانگەیاند، هەردوولا نزیکن لە رێککەوتن لەسەر چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ پێکەوەکارکردنی درێژخایەن لە بواری ئاودا.
 
هاکان فیدان گوتی، "ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو سەختییانەین کە لە بەغدا، موسڵ و بەسرە هەستیان پێدەکرێ" و کەمئاوییەکەی بە کێشەیەکی هاوبەش ناوبرد کە بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە دروستبووە و گوتی، "ئاوی دیجلە و فورات هی هەموومانە. دەستەی دەوڵەتی بۆ کاروباری ئاو و دامودەزگە کشتوکاڵییەکانمان بە چڕی کاردەکەن بۆ ئەوەی بزانن چی دەکرێ و تورکیا چۆن دەتوانێ زیاتر یارمەتیدەر بێت."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا و عێراق "پێشکەوتنی بەرچاو"یان لە ئامادەکردنی دوو میکانیزم بەدەستهێناوە کە دوو ساڵ لەمەوبەر لەسەریان رێککەوتبوون. 
 
یەکێک لەوانە بەرنامەیەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی نێوخۆیی دابەشکردنی ئاو لە عێراق و ئەوی دیکەیان میکانزمێکی هاوئاهەنگیی بەردەوامی نێوان ئەنقەرە و بەغدایە لەسەر پرسی ئاو. 
 
هاکان فیدان گوتیشی، تیمە تەکنیکییەکانی تورکیا و عێراق داتایان ئاڵۆگۆڕ کردووە و کارکردن لەسەر بناخەی پرۆژە بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی ئاو لە عێراق نزیکبووەتەوە لەوەی بتوانرێ دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "میکانیزمی یەکەم گرنگی بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی دابەشکردنی ئاو و ژێرخانە پەیوەندیدارەکان لە عێراق دەدات. لیژنەی کارکردن ئەو کارەی زۆر بردووەتە پێشەوە. دووەمیشیان چوارچێوەیەکی راوێژی بەردەوام دروست دەکرێ بۆ بەڕێوەبردنی بەشەئاو کە تیمە تەکنیکییەکان لە هەردوولا کۆدەبنەوە، داتا و زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن و متمانە دروست دەکەن. بەڵام تەنیا راوێژکردن دۆخی کەمئاوی ناهێڵێت؛ پێویستە پرۆژەکانی نۆژەنکردنەوە و رێکاری دیکە جێبەجێ بکەین بۆ ئەوەی سەرچاوەکان باشتر بەڕێوەببەین."
 
هاوکات فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە پێشکەوتنی هاوتەریب کرد و رایگەیاند، رەشنووسی "رێککەوتنێکی چوارچێوەیی" بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و دیاریکردنی رۆڵی کۆمپانیا و دامەزراوە تورکییەکان ئامادەکراوە و لەوانەیە "بەم زووانە" لە بەغدا واژۆ بکرێ. فوئاد حوسێن داوای هەنگاوی خێرای کرد بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکان، بەتایبەتی رێکارە کورتخایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی "زۆر مەترسیداری" وشکەساڵی لە باشووری عێراق.
 
فوئاد حوسێن گوتی، "ئێمە سەبارەت بە ئاو گەیشتووینەتە دوو ئامانج. یەکەمیان رەشنووسی رێککەوتنێکی چوارچێوەیی درێژخایەنە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و رۆڵی کۆمپانیا و دامەزراوە حکومییەکانی تورکیا. دووەمیان، پەیوەندی بە هەنگاوی دەستبەجێوە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کاریگەری وشکەساڵی، بەتایبەتی لە باشووری عێراق. پسپۆڕان باسیان لە بەردانەوەی ئاو و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کرد."
 
وەزیرانی هەردوولا چارەسەرکردنی دۆخی بەسرەیان وەک کاری لەپێشینە باس کرد، کە تێیدا کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان زیانی بە کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە گەیاندووە. 
 
هەردوو وەزیر جەختیان لەوە کردەوە کە کەمبوونەوەی باران و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە ناچاری کردوون بیر لەوە بکەنەوە کار لەسەر دروستکردنی ژێرخانی خۆڕاگر بکەن.
 
فیدان گوتی، "کێشەی کەمئاوی تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو بۆ ساڵانی داهاتووشە. ئێمە میکانیزمێکی پیشەییانە و لەسەر بنەمای متمانەمان لەنێوان تیمە تەکنیکییەکانی هەردوو وڵاتدا دروستکردووە و سوورین لەسەر بەردەوامیدان بەم کارە."
 
ئاسایش، کەمپ و زیندانەکان
 
مژارێکی سەرەکی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەردوو وەزیر پرسی ئاو بوو، بەڵام هەردووکیان جەختیان لەسەر هاوکاریی ئەمنیش کردەوە، کە بوارێکی نیگەرانیی هاوبەشی لەمێژینەیە. 
 
هاکان فیدان رایگەیاند، ئەنقەرە و بەغدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەسەر "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" و ئاماژەی بە پشتیوانیی تورکیا بۆ هەوڵەکانی عێراق کرد.
 
فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد کە هاوئاهەنگیی فراوانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبارەی ئاسایشی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی جموجووڵی چەکدارانی داعش هەیە؛ گوتیشی، عێراق پەیوەندیی ئەمنی و هەواڵگریی بەردەوامی لەگەڵ سووریا و هاوبەشە هەرێمییەکانی دیکە هەیە و ئاماژەی بە کۆبوونەوە فرەلایەنەکانی عەممان کرد کە سەرۆکی دەزگا هەواڵگرییەکان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا، سووریا، ئوردن، عێراق و لوبنانی لەخۆگرتبوو.
 
سەبارەت بەو کەمپانەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە کەسوکاری چەکدارانی داعشیان تێدایە، ، فوئاد حوسێن رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات بۆ گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی هاووڵاتییەکانی؛ گوتیشی، زۆر لە دانیشتووانی کەمپی هۆل عێراقی و سووریایین، بەڵام هاووڵاتیی زیاتر لە 50 وڵاتی دیکەشی تێدایە. 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق مەزەندە دەکات کە نزیکەی 10 هەزار کەس لەو کەمپانەدا هاووڵاتیی بیانی بن و گوتی، بەغدا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان.
 
فوئاد حوسێن گوتی، "بۆ عێراقییەکان، کەمپێکی دیکەمان لەنێو عێراقدا کردووەتەوە و هەزاران کەسمان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو شوێنانە. ئەوان بە بەرنامەی شیاندنەوەی کۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕن تاوەکو دەتوانرێ جارێکی دیکە لەنێو کۆمەڵگەدا وەربگیرێنەوە. پلانی عێراق روونە، بە یارمەتیی چەندین وڵات. سەختییەکە لەگەڵ ئەو هاووڵاتییە بیانییانەدا دەمێنێتەوە کە وڵاتەکانیان رەتیدەکەنەوە یان فەرامۆشیان دەکەن بیانگەڕێننەوە."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی شانە بەجێماوەکانی داعشەوە گوتی، "جموجووڵی ئەم گرووپە تیرۆریستییانە لەودیوی سنوورەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریا، هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەزگا ئەمنییەکانمانەوە چاودێری دەکرێ. پێویستمان بە کۆبوونەوەی بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین پلانی ئۆپەراسیۆنەکان دابنێین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی ناوچە سنوورییەکان."
 
دیدگایەکی هەرێمی
 
هەردوو وەزیر هەوڵەکانی بواری ئاو و ئاسایشیان وەک بەشێک لە هەوڵێکی هەرێمیی فراوانتر بۆ سەقامگیری نیشان دا. هاکان فیدان گوتی، تورکیا پشتیوانی لە هەنگاوەکان دەکات بۆ پەرەپێدانی "پەیوەندیی بنیاتنەرانە" لەنێوان عێراق و سووریا و ستایشی رۆڵی بەغدای کرد لە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی رفێنراوانی دەستی داعش لە دوای رووخانی رێکخراوە پەڕگیرەکە.
 
فوئاد حوسێن پێشوازی لە پشتیوانیی تورکیا کرد بۆ دەستپێشخەرییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە؛ هەروەها رایگەیاند، بەغدا پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات و ئەو پڕۆسەیەی بە هۆکارێکی سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە ناوبرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا