17 فەرمانبەر بەهۆی گۆرانییەک لەسەر سەدام حوسێن سزا دەدرێن

10-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
بەڕێوەبەر و 16 کارمەندی کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزارى گەشتى ئاسمانیى عێراق لەکاتی هەڵپەڕکێ.
بەڕێوەبەر و 16 کارمەندی کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزارى گەشتى ئاسمانیى عێراق لەکاتی هەڵپەڕکێ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەر و 16 کارمەندی کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزارى گەشتى ئاسمانیى عێراق لە کار رادەگیرێن، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە تێیدا ژمارەیەک لە کارمەندانى ئەو کۆمپانیایە لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە ئاوازی گۆرانییەک هەڵدەپەڕن، کە ستایشى سەدام حوسێن دەکات.
 
بەگوێرەى فەرمانێکى ئەحمەد خەڵەف بونیان، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بڕیاردراوە بە دەستپێلەکارهەڵگرتنى هەریەک لە عەباس سابر غالی، بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى خزمەتگوزارى گەشتە ئاسمانییەکان و 16 فەرمانبەری ئەو کۆمپانیایە بەهۆى دۆسیەى ئاهەنگێکى فڕۆکەخانەى بەغدا.
 
رۆژی 1ی تشرینى دووەمى 2023، گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق بڵاوکرایەوە، تێیدا کارمەندانى کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزارى گەشتى ئاسمانیى عێراق لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە ئاوازى گۆڕانییەک هەڵدەپەڕن، کە ستایشى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووى دەسەڵاتى حیزبى بەعس دەکات.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، کە لە 6ى تشرینى دووەمى 2023 دەرکراوە، بۆ ماوەى 60 رۆژ بڕیارى دەستپێهەڵگرتنى ئەو فەرمانبەرانە کارى پێدەکرێت بۆ گەرەنتیکردنى بەڕێوەچوونى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە.
 
رۆژی 2ـی تشرینى دووەمى 2023، رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لیژنەى لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەو دیمەنانە پێکهێندراوە و بەم نزیکانە ئەنجامى راپۆرتى لیژنەکە بەرزدەکرێتەوە و ئەو کارمەندانەى بەشداربوون، دەدرێنە دادگە تایبەتەکان بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسا سزا بدرێن.
 
ئەو کەسانەى لە عێراق بانگەشە بۆ حیزبى بەعس و سەرکردەکانى دەکەن بەگوێرەى یاسای قەدەخەکردنى حیزبى بەعس و قەوارە و حیزب و چالاکییە رەگەزپەرستى و تیرۆریستى و تەکفیرییەکانى ساڵى 2016 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."