کۆمکاری عەرەبی: هەڵبژاردنی عێراق رووداوێکی مێژوویی و دیموکراسییە

10-11-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی چاودێریی کۆمکاری عەرەبی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ستایشی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کرد و رایگەیاند، پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک و ئارام و لە کەشێکی بەرپرسیارێتیی گەورەدا بەڕێوەچوو.
 
قائید مستەفا، سەرۆکی شاندەکە و یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، "تیمەکەمان دڵخۆشە بۆ ئەوەی لە عێراقە هەوڵەکانی خۆی بخاتە سەر هەوڵی هەموو تیمە نێودەوڵەتییەکان و ببێتە بەشێک لەو رووداوە مێژووییە گرنگەی عێراق کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانە."
 
سەرۆکی شاندەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بوونی شاندی کۆمکاری عەرەبی رەنگدانەوەی بایەخی کۆمکارەکەیە بە رەوتی دیموکراسی لە عێراق و هیوای خواست، "هەنگاوەکانی بە سەرکەوتوویی تەواو ببن و سوود و قازانج و خێری بۆ عێراق و گەلەکەی هەبێت."
 
بە گوتەی قائید مستەفا، گەڕی تیمی شاندی کۆمکاری عەرەبی لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانیی رۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکرد و لە نزیکەوە چاودێریی رەوتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە بۆ دڵنیابوون لە رێک و پێکی و سەلامەتیی رێکارەکان.
 
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی جەختی لەوە کردەوە، "هەستی شاندەکە بەرامبەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، نایاب و جوان بوو بۆ پرۆسەیەکی دیموکراسی کە بە رێک و پێکی و ئارامی و لە کەشێکی هاوئاهەنگی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەدا بەڕێوەدەچوو."
 
قائید مستەفا، باسی لە هەوڵە گەورەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بۆ رەخساندنی کەش و رێکاری پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکانیشی بۆ دابینکردنی ئاسایشی پرۆسەکە و دەنگدەران بەرز نرخاند.
 
ئەوەشی خستەڕوو، تیمی شاندەکە شارەزایان و پسپۆڕانی بواری پرۆسەکانی هەڵبژاردنی لەخۆگرتبوو کە پێشتر بەشدارییان لە سەرپەرشتیکردنی چەندین پرۆسەی هەڵبژاردن لە وڵاتانی عەرەبی و جیهاندا کردووە.
 
سەرۆکی شاندەکە ستایشی "ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی کرد کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەکارهێندرا، هەروەها پەرۆشیی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئامێرەکان ئەو ئەرکانەیان جێبەجێکردووە کە بۆیان دیاریکرابوو لەپێناو ئاسانکردنی پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی کارا و سەرکەوتوو." هەروەها ستایشی ئەو تیمانەی کرد کە پرۆسەکە و ئامێرەکانیان بەڕێوەدەبرد و گوتی، "ئەم ئامێرانە بوونە هۆی نەهێشتنی چەندین ئاستەنگ و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەم شێوە پیشەییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە