رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ماوەی 10 رۆژ خۆتۆمارکردن لە ئەپڵیکەیشنی پسووڵەی خۆراک چالاک دەکات. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە دەتوانن بەبێ بەرامبەر خۆیان تۆمار بکەن. دەشڵێت لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی سێ هەزار خێزان لە پارێزگای هەڵەبجە خۆیان تۆمار نەکردووە.
10 رۆژ دەرفەت بۆ سەرتاسەری عێراق
مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەڵەبجە، میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، بەشی خۆتۆمارکردن لە سیستمی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک بۆ ماوەی 10 رۆژی دیکە لەسەرتاسەری عێراق کراوەتەوە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ نزیکەی سێ هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کە لە چوار مانگی رابردوودا نەیانتوانی بوو ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
ئەو بەڕێوەبەرەی خۆراکی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر لە بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە داوا لە بەغدا کرابوو بۆ کردنەوەی دەرگەی خۆتۆمارکردن بۆ ئەوانەی دەرفەتیان نەبووە خۆیان تۆمار بکەن، ئێستا 10 رۆژ ئەپڵیکەیشنەکە کارا کراوە و هاونیشتمانییان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن."
سەبارەت بە هۆکارەکانی تۆمارنەکردنی بەشێک لە هاووڵاتییان، مەریوان هادی ئاماژەی بە چەند هۆکارێک کرد، لەوانە؛ "بەشێک لەو هاونیشتمانییانە بەهۆی نەبوونی کارتی نیشتمانییەوە خۆیان تۆمار نەکردووە، یان لە دەرەوەی وڵات بوون بۆیە نەیان توانیوە خۆیان تۆمار بکەن".
مەریوان هادی گوتیشی، سیستمەکە پێویستی بە وێنەی رووخساری کەسەکە و شوێنە جوگرافییەکەی (GPS) کەسەکە هەیە، بۆیە ئەوانەی لە دەرەوەی عێراقن، وەک گەشتیار هەژمار دەکرێن و بەشە خۆراکەکانیان رادەگیرێت. هەروەها ئەوانەیشی کە لە زینداندان و سزادراون، بەشەخۆراکەکەیان رادەگیرێت.
نزیکەی 91٪ی پارێزگاکە خۆیان تۆمارکردووە
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەڵەبجە ئاشکرای کرد، پێشتر نزیکەی 30 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگاکە هەبوون. دوای کردنەوەی سیستمی ئەلیکترۆنی، نزیکەی 27 هەزار و 800 خێزان واتە رێژەی 90% بۆ 91%ی هاووڵاتییانی پارێزگاکە خۆیان تۆمار کردووە.
گوتیشی بەگوێرەی نوێترین داتای دابەشکردنی خۆراک بۆ مانگی تشرینی دووەم، ژمارەی گشتیی کەسانی شایستە بۆ وەرگرتنی خۆراک لە هەڵەبجە و دەوروبەری گەیشتووەتە 105 هەزار و 915 کەس.
بەشی خزمەتگوزاری و زیادکردنی منداڵ چالاک دەکرێت
سەبارەت بە بەشی خزمەتگوزاری، کە زۆر لە هاووڵاتییان چاوەڕێی چالاککردنین، مەریوان هادی ئاماژەی بەوە دا، "بەپێی دوایین کۆبوونەوەمان کە بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، بڕیاربوو پێش هەڵبژاردن ئەو خزمەتگوزارییە لە هەرێمی کوردستان چالاک بکرێت، چونکە لە چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق کراوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە هێشتا لە هەرێمی کوردستان چالاک نەکراوە. پێشبینی دەکرێت دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەشی خزمەتگوزاری و زیادکردنی منداڵ لە هەرێمی کوردستانیش چالاک دەکرێت.
پێشتر چەند جارێک وەزارەتی بازرگانیی عێراق ماوەکەی درێژ کردەوە، بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییان بتوانن بۆ پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی خۆیان لە ئەپلیکەیشنی تایبەت تۆمار بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ