وەزارەتی دادی عێراق: قەرەباڵخیی زیندانەکانمان لە 300%ـەوە بۆ 120% کەمکردووەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت، رێژەی قەرەباڵخی نێو بەشێکی زیندانەکان نزیکەی 200٪ـە. بەڵام وەزارەتی دادی عێراق رەتیدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لەڕێگەی کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک گرتووخانەوە، توانیویانە رێژەی قەرەباڵخی لە 300%ـەوە بۆ 120% دابەزێنن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، حازم ردەینی، جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە رووداوی گوت، "هێشتا کێشەی قەرەباڵخی نێو زیندانەکانی عێراق ماوە، چونکە بودجەی پێویست تەرخان ناکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
 
جێگری سەرۆکی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "جێبەجێکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کاریگەری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئەو قەرەباڵخییە، بەڵام هێشتا لە هەندێک زینداندا بەڕێژەی 200٪ زیندانیکراویان تێدایە."
 
هاوکات موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای سەردانە مەیدانییەکانی وەزیری داد بۆ چەندین گرتووخانە، دەرکەوت یەکێک لە گەورەترین کێشەکان قەرەباڵخی و کەڵەکەبوونی ژمارەی بەندکراوانە کە رێژەکەی دەگەیشتە 300٪."
 
بە گوتەی موراد ساعدی، وەزارەتی داد، پلانی پەرەپێدانی ژێرخانی گرتووخانەکانی جێبەجێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە، لەوانە، "نۆژەنکردنەوەی گرتووخانەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کردنەوەی گرتووخانەی بەلەدیات، تەواوکردنی سێ بینای نوێ لە گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا، جگە لە فراوانکردنی هەردوو گرتووخانەی چاکسازیی ناسریە و عەممارە."
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو پڕۆژانە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد گوتی: "لە ساڵی یەکەمدا رێژەی قەرەباڵخی بۆ 200% دابەزی، ئێستاش رێژەکە گەیشتووەتە 120% کە ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر باشە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ساعدی باسی لە پرسی چاکسازی و خوێندن کرد لەناو گرتووخانەکان و ئاشکرای کرد، "ئێستا لە گرتووخانەکاندا خوێندن لە قۆناخی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە دەستپێدەکات تاوەکو خوێندنی زانکۆ."
 
گوتیشی، "بۆ یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا زانکۆ لەناو گرتووخانەکان هەیە و بەندکراوان دەتوانن لە بەشەکانی ئینگلیزی، تەکنەلۆژیای زانیاری (IT)، یاسا، هونەر و وەرزش بخوێنن."
 
موراد ساعدی سەبارەت بە پلانی درێژخایەنی وەزارەتەکەشیان ئاماژەی بەوە کرد، پلانێک هەیە بۆ دروستکردنی "شارێکی چاکسازی"ی گەورە کە کارگە و وەرشەی پیشەسازی لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی بەندکراوان کاری تێدا بکەن و چاکسازیی راستەقینەیان تێدا بکرێت.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 30 بەندیخانەی سەر بە وەزارەتی داد لە عێراق هەن، کە زیاتر لە 60 هەزار بەندکراویان تێدایە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە