جەمال کۆچەر: پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی سێشەممە بڕیار لە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بدات

11-01-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێویستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوودا بڕیار لە ناردنی 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ  هەرێمی کوردستان بدات. 
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 11-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق بەنیازبێت مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بابەتە بباتە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران و لە کۆبوونەوەکە بڕیار لە ناردنی 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بدرێت. 
 
د. جەمال کۆچەر کە هاوکات سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر بڕیار لەبارەی ناردنی ئەو 700 ملیار دینارە وەک قەرز بدرێت، ئەوا خەرجکردنی پارەکە دەکەوێتە نێوان 25 بۆ 30 مانگ، دوای ئەوەی خەرجییەکانی ئەم مانگەی وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەبن. 
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم مانگەش تائێستا نادیارە.
 
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژی شەممە، 06-01-2024 سەردانی بەغدای کرد. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى کە تۆڕى میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەى جیاوازەوە لە بەغدا دەستى کەوتوون، شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا پێشنیازى خۆیان بۆ هەموارى یاسای بودجەى گشتیى عێراق رادەستى لایەنى عێراقى کردووە.
 
پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە کە هەموارکردنەوەى یاساکە لە پەرلەمان وابکات مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە خەرجى راستەقینە جیا بکرێتەوە و بخرێتە سەر خەرجیی مووچەى فەرمانبەرانى عێراق، کە مانگانە جێگیرە و ناگۆڕێت.
 
سۆران عومەر، سەرۆکى فراکیسیۆنى کۆمەڵى دادگەریى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشنیازەکەى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە کێشەى نەناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نەمێنێت و لەگەڵ فەرمانبەرانى دیکە لە عێراق مووچە وەربگرن."
 
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى عێراق زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە 13.4 تریلیۆن دینارى بۆ بودجەى بەکاربردنە کە مووچەى فەرمانبەران بەشێکە لە بودجەکە.
 
بە گوێرەى بڕگەى دووى مادەى 11ـی یاساى بودجەى گشتیى، پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67%ـى خەرجى "راستەقینە" دیاریدەکرێت لە هەردوو خەرجیی بەردەوام و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، لەدواى دەرکردنى خەرجیى سیادى.
 
سۆران عومەر ئاماژەى بەوەدا، بڕگەى خەرجیى راستەقینە لە دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان وەک خۆى دەمێنێتەوە و لەدواى جیاکردنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە