رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق درێژە بە دانیشتنەکانی بدات و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی "داهاتی نانەوتی" دەبێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش سێ بەرپرسی باڵای پەیوەندیدار بانگهێشت کراون.
دانیشتنەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 دەبێتە چوارەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان و بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ دەستپێبکات.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان و بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئامانجی سەرەکیی بانگهێشتکردنی ئەو بەرپرسانە، درێژەدانە بە گفتوگۆکان لەبارەی چۆنێتیی زیادکردن و رێکخستنەوەی داهاتی نانەوتی.
هەروەها شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "نزیکەی 90%ی داهاتی عێراق پشت بە نەوت دەبەستێت، ئەمەش مەترسیدارە."
بە گوتەی دووبەردانی، لەکاتی دابەزینی نرخی نەوتدا، عێراق رووبەڕووی کێشەی گەورەی دارایی دەبێتەوە، بۆیە "پێویستە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ