رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند کاژێرێک لە دزەپێکردنی زانیاری لەبارەی بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی نووری مالیکی دەکات و رۆڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە یەکلاکردنەوەی بەربژێری حکومەت بەرز دەنرخێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاویکردەوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی نووری مالیکی کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا مالیکی پیرۆزبایی لە حەلبووسی کردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی پەرلەمان و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانتاران، هاوکات هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە یاساییەکانیدا بۆ خواستووە.
لای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سوپاسی هەوڵەکانی مالیکی کردووە لە "پشتگیریکردنی دیالۆگە نیشتمانییەکان بۆ تەواوکردنی ئەو شایستە دەستوورییانەی کە ماون،" بەتایبەتی دوای ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەنگاوی نا بۆ یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران.
سەردانەکەی حەلبووسی لەکاتێکدایە، فەهد جبووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، ئەمڕۆ بە رووداوی راگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی سازشی بۆ نووری مالیکی کردووە و تەنیا هەڵوێستی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوە بۆ ئەوەی رازی ببن یان ڤیتۆی بکەن."
شەوی رابردوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی کۆبووەوە، تێیدا تاوتوێی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆکوەزیرانیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ