رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق تاوتوێى ئەو تانانە دەکات کە لەبارەى دروستیى ئەندامیێتى هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشکێش کراون. ئەندامێکى پەرلەمان دەڵێت، ئەو تانانە دژى ئەو ئەندامانە پێشکێکش کراون، کە جێگەى پەرلەمانتارى دیکەیان گرتووەتەوە.
فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەوەکانى 12ـی ئادارى پەرلەمانى بڵاوکردەوە، کە حەوت بڕگەیە.
یەکەم بڕگەى کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنى ئەو تانانەیە، کە لەبارەى دروستى ئەندامیێتى هەندێک لە پەرلەمانتاران پێشکێش کراون.
سرووە زەنگەنە، ئەندامى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو تانانە پەیوەندیدارن بە بەشێک لەو پەرلەمانتارانەى جێگەى پەرلەمانتارى دیکەیان گرتووەتەوە، لەوانە جێگرەوەکانى ئەو پەرلەمانتارانەى رەوتى سەدر کە دەستیان لەکارکێشایەوە."
سرووە زەنگەنە گوتی، دیار نییە تانەکان لەنێو پەرلەمان دراون یان لە دەرەوەى و ئەو پرسە لاى سەرۆکایەتیى پەرلەمانە، رۆژی دانیشتنەکە دەردەکەوێت وردەکارییەکەى چۆنە.
12ـی حوزەیرانى 2022، 73 پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق لەسەر داواى رێبەرەکەیان دەستیان لەکارکێشایەوە و دواتر بەربژێرى دیکە جێگەیان گرتنەوە، کە زۆرینەیان سەر بە هێزەکانى نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى بوون.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق، رۆژی سێشەممە دەنگ بە هەموارى دووەمى یاساى تۆڕى راگەیاندنى عێراقیش دەدرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت، کە بریتین لە هەموارى یاساى دەزگاى شەهیدان، قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵى زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس، پەیوەندیکردنى عێراق بە پەیماننامەى پێشانگە نێودەوڵەتییەکانى پاریسەوە.
دوو بڕگەى دیکەى کۆبوونەوەکە بریتین لە خوێندنەوەى دووەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى و پەیوەندیکردنى عێراق بە پەیماننامەى نێودەوڵەتى بۆ رۆنی زەیتوون و رۆنی خواردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ