رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بڕیاری دا بە پێکهێنانی شانەیەکی باڵای قەیرانەکان، ئەوەش بە مەبەستی چاودێریکردنی لێکەوتەکانی جەنگ لە ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی پارێزگاکە.
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، یاسین محەممەدعەلی داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەندا دەنگ لەسەر پێکهێنانی شانەی باڵای قەیرانەکان دراوە و پەسندکراوە. شانەکە لە پارێزگاری سەلاحەدین، نوێنەرانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پێکدێت.
یاسین داودی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی شانەکە "بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەییە بۆ هەر بارودۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان هەبێت." هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "رێکارە پێشوەختەکاندایە" بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی ژێرخانە گرنگەکان.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، شانەکە بەردەوام چاودێریی مەیدانیی دۆخەکە دەکات و بەگوێرەی پلانی فریاگوزاریی پارێزگاکە، بڕیاری پێویست بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەدات.
پێکهێنانی ئەم شانەیە لەکاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکە و بنکەی ئاسمانیی بەلەد-یش بە درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە بنکەی بەلەد هێزێکی ئەمریکی بۆ مەبەستی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی فڕۆکە ئێف-16ـەکانی عێراق جێگیرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ