رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا 291 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و دەڵێت: "13 ئەمریکی کوژراون."
ئەو گرووپە چەکدارە بەرەبەیانیی چوارشەممە، 11-3-2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 31 هێرشیان لە رێگەی "دەیان درۆن و مووشەکەوە" بۆ سەر ئەو بنکانە کردووە، کە بە "بنکەی داگیرکەران" ناویان دەبات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی بەرەی مقاوەمە، کۆی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە ماوەی 12 رۆژدا گەیشتووەتە 291 هێرش. گرووپەکە بانگەشەی ئەوەش دەکات کە لەو هێرشانەدا "13 ئەمریکی کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە."
تائێستا سوپای ئەمریکا تەنیا کوژرانی 7 سەربازیان لە جەنگەکەدا پشتڕاستکردووەتەوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ئاماژەی بەوە کردووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکان بڵاودەکاتەوە.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە ژمارەیەک گرووپی چەکدار پێکهاتوون، لە دوای هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێران راگەیاندووە. گرووپەکە تاوەکو ئێستا چەندینجار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ڤیکتری لە بەغدا. جگە لەوەش گرووپەکە هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی عێراقیش لە بەسرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ