پۆلیسی بابل رەتیدەکاتەوە سەربازگەی کالسو بۆردوومان کرابێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو  دیجیتاڵ

فەرماندەیی پۆلیسی بابل رەتیدەکاتەوە سەربازگەی کالسو کرابێتە ئامانج و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بۆردوومانکردنی سەربازگەکەوە بڵاودەکرێنەوە، "هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."
 
رۆژی چوارشەممە، 11-03-2026، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای بابل لە راگەیێندراوێکدا هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە لە هەندێک پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، گوایە سەربازگەی کالسو بۆردوومان کراوە یان هەر رووداوێکی ئەمنی تێدا روویداوە.
 
پۆلیسی بابل جەختدەکاتەوە، ئەو هەواڵانە تەنیا "دەنگۆ و زانیاری نادروستن" و بێ پشتبەستن بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی بڵاوکراونەتەوە. راشیگەیاندووە، "مافی یاسایی خۆمان دەپارێزین بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بەرامبەر هەر کەسێک کە هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و دەبێتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لای هاونیشتمانییان و تێکدانی ئاسایش."
 
لە راگەیێندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتان کراوە، زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و نەکەونە دوای دەنگۆکان، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا.
 
سەربازگەی کالسو، دەکەوێتە پارێزگای بابل و نزیکەی 32 کیلۆمەتر (20 میل) لە باشووری بەغداوە دوورە. پێشتر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا بوو، بەڵام لە کانوونی یەکەمی 2011 و دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بنکەکە داخرا و رادەستی هێزە عێراقییەکان کرایەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە