رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر دابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنە هەمیشەییەکاندا بدات. پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێ، رێککەوتن کراوە لە هەر لیژنەیەکدا چوار پەرلەمانتاری کورد هەبن.
بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، پەرلەمانی عێراق کاژێر 09:00ی ئەمشەو چوارشەممە 11ی ئادار کۆدەبێتەوە. شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەنگ لەسەر دابەشکردنی پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکاندا دەدرێ، ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی شەوی دووشەممەی رابردوودا دەنگ لەسەر ئەندامانی هەندێ لیژنە درا."
لە پەرلەمانی عێراقدا 22 لیژنەی هەمیشەیی هەن. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر لیژنەیەک نابێت لە 7 ئەندام کەمتر و لە 19 ئەندام زیاتر بێت.
سەبارەت بە پشکی کورد لەو لیژنانە، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد، رێککەوتن کراوە لە هەر لیژنەیەکی پەرلەماندا چوار پەرلەمانتاری کورد هەبن. گوتیشی، "دابەشکردنی ئەندامەکان بەسەر لیژنەکاندا بەگوێرەی ژمارەی کورسیی فراکسیۆنەکان دەبێت."
لە مانگی رەمەزاندا کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کراوەتە شەوانە. لە کۆبوونەوەی شەوی دووشەممە 9ی ئاداری 2026، پەرلەمانی عێراق دەنگیدا لەسەر پێکهێنانی "لیژنەی رەفتاری پەرلەمانی" بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار فالح ساری و ئەندامێتی پەرلەمانتاران (حەنان فەتلاوی، حوسێن بەتات، محەممەد کەربولی، حەبیب حەلاوی، ئەحمەد مەزهەر، شاخەوان عەبدوڵڵا و ناجی شەمەری).
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد محەممەد حوسێن موبەرقە وەک ئەندامی نوێی پەرلەمان سوێندی دەستووری خوارد، وەک جێگرەوەی نووری مالیکی.
هەروەها پەرلەمان دەنگی لەسەر ئەندامانی "لیژنەی یاسایی" دا کە پێکهاتوون لە پەرلەمانتاران (سارا لەتیف دلێمی، محەممەد نوری کەربوولی، سەفوک عزێر، رێکان حەمەد، رێبوار هادی، فاروق محەممەد، ئیمان حەیدەر، عومەر کۆچەر، بەها ئەعرەجی، ئەحمەد کامل، سائیر جاسم، حوسێن هاشم حەلاوی، مورتەزا ئیبراهیمی، محەممەد خەفاجی، عەلی سابیر کامل و ئیبتسام هیلالی).
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەیبت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد پەلە بکەن لە پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکانیان بۆ لیژنە پەرلەمانییەکانی دیکە، تاوەکو لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 دەنگیان لەسەر بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ