نزار ئامێدی بووە سەرۆککۆماری عێراق؛ پارتی دەڵێت، یەکێتی لە رێککەوتن پاشگەز بووەتەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
نزار ئامێدی
نزار ئامێدی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دواجار بازەکە لەسەر شانی نزار ئامێدی نیشتەوە و بووە سەرۆککۆماری عێراق. پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاوازەکان پیرۆزباییان لە بافڵ تاڵەبانی دەکرد، ئاماژەکان هەر لە سەرەتاوە دیاربوون رێککەوتنەکە فراوانە و ئەنجامەکەی روون بوو.
 
کاتێک رووداو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پرسی پەیامی بۆ پارتی چی دەبێت؟ ئەو پەیامێکی بۆ د. فوئاد حوسێن نارد و گوتی، "پەیامم هەیە بۆ د. فوئاد حوسێن؛ سوپاسی دەکەم و پیاوێکی بەڕێزە، 50 ساڵە خەبات دەکات بۆ یەکڕیزیی کورد و بۆ ئەوەی عێراق بۆ پێشەوە بڕوات. دڵنیاشم کاک د. فوئاد خۆی دەیزانی کە رەنگە دروستتر بێت ئەم پۆستە بۆ یەکێتی بێت ئەمجارە، لەبەر باڵانس. دڵنیاشم کاک د. فوئاد دەیتوانی خۆی زیاتر ماندوو بکات، دەنگێکی زۆر زۆر زیاتر بهێنێت. بەڵام ئەگەر من بیناسم، خۆی بۆ یەکڕیزیی میلـلەت و کورد، بۆئەوەی پرۆسەکە بێ سەرئێشە و بێ کێشە بچێتە پێشەوە، بەو جۆرە سیاسەتی کردووە و دەستخۆشیی لێدەکەم."
 
پەرلەمانتارانی پارتی دوای ئەوەی بۆیان یەکلایی بووەوە کە دۆخەکە لە دەستیان دەرچووە، باڵەخانەی پەرلەمانیان بە نیگەرانییەوە بەجێهێشت. هۆشداریشیان دا کە بەڕێوەبردنی وڵات بەو شێوەیە عاقیبەتی خێر نابێت.
 
دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری پارتی گوتی، "ئامانجی خەڵک دیارە چییە و ئامانجی پارتییش دیارە، کە پرسی میلـلەتی کوردە و پێیشی باشە عێراق بەرەو سەقامگیری بڕوات، بەڵام خەڵک پێی باش نییە عێراق بەرەو سەقامگیری بڕوات، ئەوەش بەو سیاسەتانەی کە لە هەموو کەس شاراوە نییە بەو شێوەیە مامەڵە دەکەن."
 
پارتی دەڵێت، یەکێتی لە رێککەوتن پاشگەز بوونەوە، گەرنا کاتێک لە ماڵی د. فوئاد حوسێن کۆبوونەوە، بڕیار وابوو پرسەکە بدرێتە دەست فراکسیۆنە کوردستانییەکان.
 
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "پارتی و یەکێتی دانیشتوون، لێرە لە ماڵی د. فوئاد. لەنێوان شاندی پارتی و یەکێتی دەستپێشخەرییەک هەبووە، بەوەی کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دابنیشن و بڕیار بدەن کێ دەبێتە تاکە بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئینجا بچنە نێو کۆبوونەوەی پەرلەمان، یان نەچن."
 
ئێستا ئەوەی ماوەتەوە یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، دەبێت چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زوویی ناوی بەربژێرەکەیان بدەنە دەست سەرۆککۆمار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە