لە بە‌عقوبە تەقە لە ئەفسەرێکی هاتووچۆ دەکرێت

11-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بەعقوبە تەقە لە ئەفسەرێکی هاتووچۆ دەکرێت و چەند گولـلەیەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی دەکەون، بەڵام خۆی سەلامەت دەبێت.
 
کاژێر 09:00ی شەوی رابردوو، لە چواڕیانی جەوییە لە شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە، تەقە لە موقەدەم موسەننا ئیبراهیم ئیسماعیل، ئەفسەری پۆلیسی هاتووچۆی بەعقوبە کرا و چەند گولـلەیەک بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتوون.
 
رۆژی شەممە 11ی ئایاری 2024 عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "موقەدەم موسەننا ئیبراهیم سەلامەتە."
 
لە بەشێک میدیاکان وا بڵاوکراوەتەوە کە هەوڵەکە "تیرۆریستی بووە،" بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە رەتیکردەوە بابەتەکە پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەبێت و گوتی، چەند رۆژێک لەگەڵ کارمەندێکی پۆلیسی هاتووچۆ بووەتە دەمەقاڵێی و بەهۆیەوە شەوی رابردوو تەقەی لێ کراوە.
 
عەقید هەیسەم سەلمان شەممەری دەشڵێت، دوای رووداوەکە موقەدەم موسەننا ئیبراهیم سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کارمەندەی هاتووچۆ تۆمار کردووە، تۆمەتباری کردووە کە لەپشت رووداوەکەیە. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە