دادگەی فیدراڵی سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

11-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە سێیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوانیش داخستنی کەمپەکان، سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی و فرەژنی لە هەرێمی کوردستانن.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە سبەی یەکشەممە 11ی ئایاری 2024 دادگەکە تاوتوێی چوار سکاڵا بکات، یەکێکیان لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
 
دوایین دانیشتنی دادگاکە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 21ی نیسانی 2024 بوو. سکاڵاکار داوایکردووە دادگەکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات.
 
بەپێی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ی تەممووزی ئەم ساڵی بە دوا کات بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان داناوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئەم مانگە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی کوردستان، لە هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی لەو شارە، رایگەیاند: "لە ماوەی رابردوو و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەرمان هەیە، کە لە ئەنجامی ناسەقامگیری لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان."
 
کەیسیکی دیکە تاوتوێکردنی سکاڵای وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانی و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتییە. دوایین دانیشتنی ئەو کەیسە لە 7ی نیسانی ئەم ساڵ بوو.
 
وەهاب هەڵەبجەیی لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات دادگەکە ماوەى کارپێکردنى جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 3ى ساڵى 2006ى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بە نادەستوورى بزانێت کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 7ى ساڵى 2018 دیاریکراوە، جگە لەوەش سەرجەم ئەو سزایانەی لە دادگەکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچوون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
پێشتر لە ساڵی رابردوو و لە دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، دادگەکە داوای بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دۆسیەکەی کردبوو، دەقی سزاکەی دادگەی هەولێرەوە بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری کارپێکراو لە هەرێمی کوردستان و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف، لەنێو ئەو بەڵگەنامانەدا بوون.
  
یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2006 لە پەرلەمان پەسند کرا. لە مادەى 18دا ئاماژە بەوە دراوە، بۆ ماوەى دوو ساڵ کار بە یاساکە دەکرێت لە رۆژى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی کوردستان.
 
لە ساڵى 2018 پەرلەمانی کوردستان یاساى کارپێکردن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى دەرکرد، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە کار بەو یاسایە دەکرێت؛ بەبێ ئەوەى ئاماژە بە وادەیەکى دیاریکراو بکات کە تێیدا یاساکە کارا دەبێت، وەکو ئەوەى لە یاساکەى ساڵى 2006 هاتووە، کە بۆ ماوەى دوو ساڵ بووە.
 
7ى تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ى حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ شەش کەس دەرکرد، کە وەهاب هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
پێشتر لە 12ى تشرینى یەکەمى 2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی.
 
ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە، بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی، راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە.
 
هەر سبەی دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم دانیشتن بۆ تاوێکردنى ئەو سکاڵایە دەکات، کە لە دژى پێنج مەرجى هێنانى ژنى دووەمە لە یاسای بارى کەسێتى، کە لەدواى هەموارکردنى یاساکە لە پەرلەمانى کوردستان زیاد کراون.
 
پارێزەر بەرهەم رەئوف عەلى، کە سکاڵاکەی کردووە، بە رووداوى راگەیاند، بۆ دانیشتنى یەکەمى دادگە، کۆنووسێکى زانیارى پێشکێش دەکات کە پاڵپشتى سکاڵاکەى دەبێت، لەوانە ئامارى جیابوونەوە لە ساڵى 2023 لە عێراقدا.
 
بەگوێرەى هەموارەکەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مادەی 7ی یاساکەدا کراوە، هێنانى ژنى دووەم بەبێ رەچاوکردنى ئەو مەرجانە، سزاکەى بەندکردنە بۆ ماوەى ساڵێک بەبێ ئەوەى دادوەر بتوانێت جێبەجێکردنى سزاکە رابگرێت و 10 ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت.
 
بەرهەم رەئوف عەلى دەڵێت، "ئەم مەرجانە دەستى دادوەرى گرتووە، ئەگەر ئەویش رازى بێت و سەرجەم مەرجەکانى تێدا نەبێت، ناتوانێت بڕیار بدات."
 
ئەو مەرج و سزایانەى کە لە هەرێمى کوردستان بۆ هەموارى یاسای بارى کەسێتى ژمارە 188ى ساڵى 1959 زیاد کراون، لە عێراق نین. لە یاساکەی عێراق تەنیا دوو مەرج هەن بۆ هێنانى ژنى دووەم کە بریتین لەوەی کچەکە گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.
 
پێشتر لە 30ى تشرینى دووەمى 2022 دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى مادەى 18ی یاسای هەموارى جێبەجێکردنى یاساى بارى کەسێتى. لە مادە هەموارکراوەدا هاتووە، "ئەگەر مێرد ژنێکى دیکەى هێنا، ژنى یەکەمى مافى جیابوونەوەى دەبێت"، بەڵام دادگەی فیدراڵی دەڵێت، ئەو هەموارە "نادەستوورییە".
 
بەگوێرەى بڕگەى 5ی مادەى 40ـی یاسای بارى کەسێتیى عێراقى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، ئەگەر پیاوێک بەبێ رەزامەندى دادگە ژنێکی دیکە بهێنێت، هاوژینى یەکەم بۆى نییە سکاڵاى یاسایی پێشکێش بکات، بەڵام پەرلەمانى کوردستان یاساکەی هەموارکردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە