رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا، بۆ سێ مانگى هاوین بێ بەرامبەر گاز بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان بۆئەوەى 20 کاژیر کارەبا بدەنە هاووڵاتییان و وەزارەتى دارایی سەرپشککرد قەرز بکات بۆ جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکى کەرتى کارەبا. هەروەها پڕۆژەیاسایەکى پەسەند کرد تایبەتە بە هاندان و پاراستنى وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و تورکیا.
ئەو بڕیارانە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقدا دراوە کە رۆژی یەکشەممە، 11ـى ئایارى 2025 کرا.
بڕیاردرا گاز بەبێ بەرامبەر بدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان بەمەبەستى دابینکردنى کارەبا بۆ هاووڵاتییان، بۆ هەر یەک کەی ڤى، 45 لیتر گاز دەدرێتە خاوەن موەلیدەکان بۆ مانگەکانى حوزەیران و تەممووز و ئاب. بەپێی بڕیارەکە، نابێت رۆژانە لە 20 کاژێر کارەبا کەمتر بدەن، ئەگەر بە نۆرەش بێت لەگەڵ کارەباى نیشتمانى، پێویستە 12 کاژێر کارەبا بدەن.
لیژنەیەکى تایبەتمەند نرخى ئەمپێرى موەلیدە ئەهلییەکان و کاتى کارپێکردنیان دیاری دەکات و هەر ئەو لیژنەیەش چاودێریى ماوەى دابینکردنى کارەبا و پارەکەى دەکات.
پارەى ئەو بڕە گازەى بەبێ بەرامبەر دەدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە دەدرێتە کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى وەزیران ئەوەیە، وەزارەتى دارایی سەرپشک بکرێت لە واژۆکردنى رێککەوتنى قەرزکردن لە بانکەکان بە گەرەنتیى دامەزراوەى هەناردەى ئەڵمانیا و بانکە جیهانییەکانى دیکە، بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەکانى وەزارەتى کارەبا لەنێویدا پڕۆژەى دانانى سێ وێستگەى لاوەکیى 400 کەى ڤى، پێنج وێستگەى 132 کەى ڤى، کە بەشێکن لە قۆناخى دووەمى رێککەوتنى هاریکاریى وزە لەگەڵ کۆمپانیاى سیمینزى ئەڵمانی.
وەزارەتى کارەباى عێراق 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزى هاوین دا پێویستى بە 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.
ئەنجوومەنى وەزیران پڕۆژەیاسای چوونى عێراقى بۆ ناو پەیماننامەى چوارچێوەى دامەزراندنى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ وزەى خۆر (ISA) کە لە 2021 چووەتە وارى جێبەجێکردن، بڕیاری دا بنێردرێت بۆ پەرلەمان بە مەبەستى پەسندکردنى.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران، چوونى عێراق بۆ ناو ئەو پەیماننامەیە "ماناى ئەوە نابێت دان بە زایۆنیدا بنێت و ناچێتە هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵیدا."
ئەو پەیماننامەیە لە کۆنگرەى پاریس لە ساڵى 2015 بڕیارى لێدرا وەک رێکخراوێکى جیهانى لەپێناو لادانى بەربەستەکان لەبەردەم دانانى پانێڵى وزەى خۆر، کە بارەگاکەى لە هندستانە و 83 وڵات تێیدا ئەندامن، ئیسرائیل یەکێکە لە ئەندامەکانى.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى وەزیران پەسندکردنى پڕۆژەیاساى رەزامەندیى عێراقە لەبارەى رێککەوتنى هاندان و پاراستنى وەبەرهێنانى دوولایەنە لەنێوان عێراق و تورکیا، تاوەکو لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانیى نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا نزیکەى 20 ملیار دۆلارە، 8ـى ئایارى 2025، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق 11 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە ئەنقەرە واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ