عێراق
کارمەندێکی کۆمیسیۆن رێنوێنیی دەنگدەرێک دەکات لە هەڵبژاردنێکی رابردووی پەرلەمانی عێراق. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق رەزامەندیی دا بۆ بەکارهێنانى قوتابخانەکان لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، کە بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، زیاتر لە 7000 قوتابخانەن.
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ یەکشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەرچووە، رەزامەندی بۆ بەکارهێنانى ئەو قوتابخانانە تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى 2025 دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆكى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کۆمیسیۆن زیاتر لە 7000 قوتابخانە بەکاردەهێنێت بۆ نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و پرۆسەى دەنگدان.
لە 25ى ئادارى 2025 کۆمیسیۆن دەرگاى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانى کردەوە و 23ى ئایار دوا رۆژە بۆ ئەو نوێکردنەوەیە، هەروەها 14ى ئایار دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتییەکان.
سەرۆكى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆن رایگەیاند، "بەکارهێنانى ئەو قوتابخانانە پێویستى بە رەزامەندیى ئەنجوومەنى وەزیرانە، بەو پێیەى سەر بە وەزارەتى پەروەردەن، ئەوەش جگە لە بەشداریکردنى کارمەندانى ئەو وەزارەتە لە سەرپەرشتى پرۆسەى دەنگدان."
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 11ى تشرینى دووەمى 2025ى دیاری کردووە وەکو رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ