رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 17ـی ئایار، لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت. هەرچەندە سەرۆکی کاتیی سووریا بە فەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بانگهێشت کراوە، بەڵام رەنگە نەچێتە بەغدا و وەزیرێک لەجێی خۆی بنێرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریا بۆ بەغدا و بەشداریکردن لە لووتکەکە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا سەردانەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و دیارنییە خۆی دێت یان کەسێکی دیکە دەنێرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەشێک لە میدیای عێراق رایانگەیاندووە، ئەحمەد شەرع سەردانی بەغدا ناکات و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە وەکو نوێنەری وڵاتەکەی دەنێرێت.
لووتکەى وڵاتانی عەرەبی، لە 17ـی ئایاری 2025 لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. 27ـی نیسان عێراق بە فەرمى بانگهێشتنامەی رادەستى ئەحمەد شەرع کرد، بۆ ئامادەبوون لەو لووتکەکە.
چەند رۆژێک دواتر، دەنگۆیەک لە میدیا بڵاوبووەوە، گوایە ئەحمەد شەرع داوای لە ئەمریکا کردووە گەرەنتیی پاراستنی ئەمنی بکرێت، بۆ بەشداربوونی لە لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا.
6ـی ئایار، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرجەم رێکارە ئەمنییەکانمان بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی لووتكەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، سەرجەم ئامادەبووانی لووتکەکە پارێزراو دەبن."
سەباح نوعمان دەڵێت، "ئەوانەی لە لووتکەکەدا بەشدار دەبن، لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن، ئاسایشیان پارێزراو دەبێت و رێکاری ئەمنیی تووند بە چەندین شێوە دەگرینەبەر و پلانمان بۆ داناوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزەچەکدارەکانی عێراق گوتیشی، "رێکارە ئەمنییەکانمان سەرەڕای تووندوتۆڵییان، بەڵام هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی رۆژانەی دانیشتووانی بەغدا نابێت."
هاوکات، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "داوای گەرەنتیی ئەمنی لە عێراق نەکراوە، بۆ ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ