رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوت و جێگری سەرۆکوەزیران لە پشکی شیعە، سەرەکیترین هۆکارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێن.
بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کورسییانەی بڕیارە وەزیرانی کابینە نوێکەی حکومەتی عێراق لەسەری دابنیشن، بۆ پەرلەمان نیشانەی تەواوبوونی ئامادەکارییەکانە، بەڵام بۆ پێکهێنەرى سەرەکى ئەو حکومەتە هێشتا دابەشکاریی پۆستەکان ماویەتی.
سوننەکان شەش وەزارەت و کورد چوار وەزارەتیان بۆ دیاریکراوە. دابەشکارییەکە بەگوێرەی سەنگیان دەبێت لە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا 13 وەزارەتەکەی دیکە لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بە تەواوی یەکلایی نەبوونەتەوە کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتەکەن.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لەنێو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانە بۆ دەنگدان بەو کابینەیە. ناکۆکییەکانیش پەیوەندیدارن بە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزارەتە سیادییەکان و دابەشکاریی خاڵ بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانە".
نزیکەی 12 رۆژ لەبەردەم عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ماوە بۆ پێشکێشکردنی کابینەی حکومەتەکەی لە پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانە وەربگرێ.
بەگوتەی عەقیل ردێنی، یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکان لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوتە کە پشکی شیعەکانە و هەریەک لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیکمە و هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتى دەکات، داوای ئەو پۆستە دەکەن.
لە نێو وەزارەتە سیادییەکاندا، ناوخۆ، نەوت و دارایی بەر شیعەکان دەکەون. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتوون، لێتێگەیشتن هەیە بۆ ئەوەی کە وەزارەتی ناوخۆ بدرێتە رێکخراوی بەدر، بەڵام بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی هێشتا پرسەکە بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "لێتێگەیشتن هەیە لەسەر پۆستەکان، بەڵام پێویستی بە دیالۆگی دیکە هەیە. یەکێک لەو پرسانەی کە پێکهێنانی حکومەتی دواخستووە پۆستی جێگرێکی سەرۆکوەزیرانە کە بۆ پشکی شیعە دەبێت بێ ئەوەی ئەو کەسە وەزارەتی بەدەستەوە بێت. ئەو پۆستە لەنێوان هاوپەیمانیی ئەساس و بزووتنەوەی سادقوونە".
کارنامەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی پێش وەزیرەکانی کەوت کە لە 7ى ئایارەوە رادەستی پەرلەمانی کرد و بڕیارە پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێ.
ئەحمەد عیساوی و عەقیل ردێنی کۆک بوون لەسەر ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی نوێی حکومەت، بۆ رۆژی پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوا دەکەوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ