بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق بۆ رووداو: لە 2023ـەوە گەنممان لە دەرەوە هاوردە نەکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێ، ئەم ساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق بۆ چوارەم ساڵە لەسەریەک گەیشتووەتە خۆبژێوی لە گەنمدا.
 
رۆژی دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووری رووداودا رایگەیاند: "پلانی کشتوکاڵی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە دیاری دەکرێ. ئەم ساڵ بڕی 400 هەزار تۆن گەنم بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کە 292 هەزار تۆنی لەنێو پلان و 108 هەزار تۆنیشی لە دەرەوەی پلانە."
 
سەبارەت بە نرخ، حەیدەر نووری رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان تەنیا لایەنی جێبەجێکارە و نرخ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاری دەکرێ؛ گوتیشی: "نرخی یەک تۆن گەنمی نێو پلان 700 هەزار دینار و گەنمی دەرەوەی پلان 500 هەزار دینارە. رەنگە ناڕەزایەتی هەبێت، بەڵام ئێمە پابەندین بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دانەوێڵە گوتی، بۆ پارێزگای کەرکووک رووبەری 400 هەزار دۆنم زەوی بۆ وەرگرتنی گەنم لەنێو پلاندا دیاریکراوە؛ روونیشیکردەوە کە وەرگرتنی گەنمەکە بەپێی ئەو خشتەیە دەبێت کە کشتوکاڵ لە کەرکووکەوە بۆیان دەنێرێ.
 
حەیدەر نووری گەرعاوی رایگەیاند، عێراق ئێستا خاوەنی توانایەکی زۆر باشی کۆگاکردنە و گوتی: "بە گشتی عێراق توانای کۆگاکردنی 7 ملیۆن تۆن گەنمی هەیە. ئەم ساڵ 206 کۆگای نوێمان خستووەتە گەڕ کە توانای زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار تۆنیان هەیە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵی 2023ەوە عێراق هیچ بڕە گەنمێکی لە دەرەوە هاوردە نەکردووە؛ گوتیشی: "ئەمە چوارەم ساڵە لەسەریەک گەیشتووینەتە خۆبژێوی و تەنانەت یەک تۆن گەنمیشمان بۆ فۆرمی خۆراک لە دەرەوە هاوردە نەکردووە، هەمووی بەرهەمی ناوخۆیە."
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی حەیدەر نووری گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق:
 
رووداو: بەڕێز گەرعاوی، ئەوەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک پێکەوە 400 هەزار تۆنە یان کەرکووک بە جیایە و چەند سەد هەزار تۆن گەنم وەردەگرن؟ ئەم ساڵ رووبەری زەوی بە گشتی لە عێراق، لە کەرکووک و لە کوردستان، ئەوەی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدا بێت چەندە و لە دەرەوەی پلان چەندە؟
 
حەیدەر نووری: پلانی کشتوکاڵی لەلایەن وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان و وەزارەتی کشتوکاڵ لە حکومەتی فیدراڵی پەسند دەکرێ. ئەم پلانە چەند مانگێک پێش دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردن دەردەچێت. پلانی کشتوکاڵی بەپێی ئەوەی لە هەردوو وەزارەتە ئاماژەپێکراوەکەوە پێمان گەیشتووە، بریتییە لە 3 ملیۆن و نیو دۆنم، ئەمە پلانی پرژێنەرەکانە و ملیۆنێک دۆنمیش پلانی ئاودێری ئاساییە.
 
لە ماوەی رابردوودا، واتە لە سێ یان چوار هەفتەی رابردوودا، زۆرێک لە جووتیاران کە جووتیاری راستەقینەن زەوییەکانیان لە دەرەوەی پلانەکە چاندووە، بۆیە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو کە "دەرەوەی پلان"یش وەربگیرێ، بەڵام جیاوازییەک لەنێوان دوو نرخدا هەبێت بۆ گەنمی نێو پلان و دەرەوەی پلان. کۆمپانیای گشتی بازرگانیی دانەوێڵە پەیوەندی نییە بە دیاریکردنی رووبەرە چێنراوەکان و دیاریکردنی نرخەوە، چونکە ئەم بڕیارانە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانن. سەبارەت بە کەرکووک، کشتوکاڵی کەرکووک 400 هەزار دۆنمی بۆ دیاریکراوە کە وەزارەتەکان پەسەندیان کردووە، بەڵام بێگومان زۆرێک لە جووتیاران لە دەرەوەی پلانەکەش گەنم دەچێنن، وەک ساڵانی رابردوو. ئێمە ئامادەین هەر بڕێک بێت وەریبگرین، چ 400 هەزار بێت یان 600 هەزار تۆن.
 
رووداو: پار کەرکووکیش کێشەی گەنمی هەبوو. هیچ پلانێک هەیە بۆ زیادکردنی بڕی گەنمی وەرگیراو؟
 
حەیدەر نووری: لە هەرێمی کوردستان بڕەکە وەک ساڵانی پێشتر دیاریکراوە. لیژنەیەک هەبوو بڕی 292 هەزار تۆنی دیاریکردبوو، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕەکەی زیادکرد و 400 هەزار تۆنی بۆ هەرێمی کوردستان پەسند کرد؛ 292 هەزار تۆنی نێو پلانە و 108 هەزار تۆنیشی دەرەوەی پلانە. لە کەرکووکیش ئەوەی نێو پلانە 400 هەزار دۆنمە، بڕەکەی دیاری دەکرێ و بەپێی ئەو خشتانەی کشتوکاڵ لە کەرکووک دەیاننێرێ، وەریدەگرین.
 
رووداو: جووتیارانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان وا هەست دەکەن ستەمیان لێدەکرێ. هیچ پلانێک هەیە بڕی گەنم زیادبکرێ؟ پار پشکی هەرێمی کوردستان 700 بۆ 750 هەزار تۆن بوو، کەرکووکیش کێشەی زەوی هەبوو. پلان چییە بۆ زیادکردنی بڕی وەرگیراو؟
 
حەیدەر نووری: لە راستیدا لە هەرێمی کوردستان ساڵی رابردوو 400 هەزار تۆن بوو، نەک 700 هەزار. ساڵی 2024 بڕەکە 700 هەزار تۆن بوو، ساڵی 2025 بووە 400 هەزار تۆن و ئەم وەرزەش تا ئێستا 400 هەزار تۆن لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێدراوە. سەبارەت بە کەرکووک، بەپێی پلانەکە 400 هەزار دۆنممان لەبەردەستە. بۆ دەرەوەی پلانیش تا ئێستا هیچ خشتەیەکمان لە کشتووکاڵی کەرکووک بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەر بمانگاتێ ئەوا بەپێی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیران جێگیری دەکەین. ئەو 700 هەزار تۆنەی باست کرد لە ساڵی 2024دا بوو کە تێیدا 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆنمان لە هەموو عێراق وەرگرت. ئەو 700 هەزار تۆنە لە ساڵی 2024دا بوو کە تێیدا 6 ملیۆن و 300 هەزار تۆنمان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق وەرگرت. ساڵی رابردوو 5 ملیۆن و 100 هەزار تۆنمان وەرگرت، پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 400 هەزار تۆن بوو.
 
رووداو: با باسی نرخەکەی بکەین. بۆچی بڕی پارەکە کراوە بە 700 هەزار دینار، ئەگەری زیادکردنی نییە؟
 
حەیدەر نووری: راستییەکەی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لایەن نییە لە نرخدا. نرخ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دیاریکراوە؛ 700 هەزار دینار بۆ تۆنی نێو پلان و 500 هەزار دینار بۆ دەرەوەی پلان. دەزانین ناڕەزایەتی هەیە لە هەرێمی کوردستان و باشووری عێراقیش، بەڵام ئێمە جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانین، هەر هەموارکردنەوەیەک یان بڕیارێکی دیکە بدەن، ئێمە وەک کۆگا وەری دەگرین.
 
رووداو: ئەم کارە پەیوەندی بە وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ و بازرگانییەوە هەیە و ئێوە لە لیژنەیەکدان. هۆکاری کەمکردنەوەی بڕی گەنمەکە چییە؟ پەیوەندی بەوەوە هەیە شوێنی کۆگاکردن کەمە؟
 
حەیدەر نووری: بابەتی تەرخانکردنی زەوی پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانەوە هەیە. ئەوان بەرپرسن و پلانەکەیان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەسند کراوە. ئێمە تەنها ئەوە وەردەگرین کە بۆمان دێت. سەبارەت بە کۆگاکان، گوشارێکی زۆرمان لەسەر بوو، چونکە 2 ملیۆن و 800 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردوومان لە کۆگاکاندا مابوو. بەڵام ئەم ساڵ 206 کۆگای نوێمان خستەگەڕ کە توانای زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار تۆنیان هەیە. لە کەرکووک 16 کۆگای نوێ ئامادەن. لە سەماوە، کەربەلا، ئەنبار، سەلاحەدین، نەینەوا و دیالەش کۆگای نوێمان کردووەتەوە بۆ ئەوەی جێگەی بەرهەمەکە ببێتەوە.
 
رووداو: بەڕێز گەرعاوی، لە زاخۆ تاوەکو بەسرە توانای کۆگاکردنی دانەوێڵەمان چەندە؟ بە کۆی گشتی عێڕاق توانای ستراتیژیی کۆگای گەنمی چەندە؟
 
حەیدەر نووری: ئێستا نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار تۆنمان هەیە، چونکە 500 هەزار تۆنمان هاڕیوە. نزیکەی 400 هەزار تۆنی نوێمان لە نۆ پارێزگاکە و بەغدا و ئەنبار وەرگرتووە. لە رۆژانی داهاتوودا دیالە و سەلاحەددین دەکرێنەوە و دواتر کەرکووک و موسڵ و هەرێمی کوردستان، چونکە دروێنە لەوێ هێشتا بە تەواوی دەستی پێ نەکردووە. بە کۆی گشتی توانایەکی زۆر باشمان هەیە و دەتوانین تا 7 ملیۆن تۆن گەنم کۆگا بکەین.
 
رووداو: هیچ بڕە گەنم و ئارد و دانەوێڵەیەک هاوردە دەکەین ئێستا؟
 
حەیدەر نووری: لە راستیدا لە وەرزی 2023ەوە خۆبژێوی بەدەستهاتووە و بۆ فۆرمی خۆراک تەنانەت یەک تۆنیشمان لە دەرەوە هاوردە نەکردووە. هەموو پشتبەستنێک بە گەنمی نێوخۆ بووە، ئەمە نیعمەتێکە لە خوای گەورە کە بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک خۆبژێوییمان هەبێت.
 
رووداو: بەڕێز گەرعاوی ساڵانی رابردوو سەردانی کوردستانت دەکرد. حەزدەکەین پێشوازیت لێبکەین. کەی بەنیازی سەردانی کوردستان بکەی ؟

 

حەیدەر نووری: بە پشتیوانی خودا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردن لەوێ و دەبینە میوانی برایان لە هەرێم
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زرێپۆشێکی سوپای عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێزێک دانەبەزیوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رەتیدەکاتەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا هیچ هێزێک دابەزیبێتە نێو خاکی وڵاتەکە دەڵێت، ئەو رووداوەی لە میدیای ئەمریکیدا باس دەکرێ لە مانگی ئاداردا روویداوە و رێوشوێنی پێویستیش لەبارەیەوە گیرایەبەر.