رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وەڵامی داواکەی پەرلەمانتار عەبدولرەحیم شەممەری دەداتەوە، کە داوای کردبوو هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە 'ئیقامە' سەردانی نەینەوا بکەن.
رۆژی دووشەممە 03-06-2024 عەبدولرەحیم شەممەری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد تێیدا دەڵێت: "خەڵکی نەینەوا کاتێک دەچنە هەرێمی کوردستان دەبێ مۆڵەتی مانەوەیان هەبێ، ئەوەش پێشێلکردنی هەموو یاسا و نەریتەکانە."
شەممەری کە ئەندامی لیژنەی دەستپاکییە، داوای لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کردبوو "سەپاندنی مۆڵەتی مانەوە (ئیقامە)ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانیان بۆ پارێزگای نەینەوا بخرێتە دەنگدانی ئەنجوومەنەکە. ئیدارەی خۆجێیی لە نەینەوا پابەندی جێبەجێکردنی بکەن، ئەو کارەش لەسەر بنەمای مامەڵەکردنی هاوشێوەیە."
بۆ ئەو مەبەستە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، داوای رای لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنەکەی کرد. رۆژی 05-06-2024 لیژنەی یاسایی بە نووسراوی فەرمی رای خۆی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دا.
دووشەممە 10-06-2024 ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت "لیژنەی یاسایی جەختی لەوە کردووەتەوە، بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی فیدراڵی عێراقە."
لیژنەی یاسایی ئەنجوونی پارێزگای نەینەوا لە نووسراوەکەیدا، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارەکە مۆرکێکی فیدراڵیی هەیە. پێویستە بەگوێرەی دەستوور بڕیاری لەسەر بدرێ.
داوادەکات بەگوێرەی پسپۆریی، پەرلەمانی عێراق/لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان سەیری ئەو داوایە بکات.
دووبەردانی دەڵێت "داواکردنی مافی مانەوە لە هەرێمی کوردستان نەماوە، ئەوەی هەیە تەنیا وردبینیی ئەمنییە کە لە بازگەکان دەکرێت."
بەگوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ''عەبدولرەحیم شەممەری بەوە ناسراوە؛ بەردەوام لێدوان لە دژی کورد و هەرێمی کوردستان دەدات.'' دەشڵێت "داواکارییەکەی نادەستووری و نایاساییە، تەنیا بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردنە و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاری لەم شێوەیە نادات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ