رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، کە دۆخی دراوی وڵات جێگیرە و حکومەت بەنیاز نییە بەهای دینار دابەزێنێت و هیچ مەترسییەکیش لەسەر مووچە نییە.
موزهەر محەممەد ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی دراوی وڵات جێگیرە، هیچ مەترسییەک لەسەر مووچە نییە. ئەو دەنگۆ و نیگەرانییانەی لێرە و لەوێ لەمبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە، راست نین و پەیوەندییان بە دۆخی داراییەوە نییە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سیاسی و پەرلەمانتاران باسی کەمبوونەوەی پارەی کاش دەکەن و بە گوتەی خۆیان، مووچە "دابین نەکراوە".
سەبارەت بەو پێشنیازانەی باس لە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دەکەن، بە مەبەستی دابینکردنی پارەی زیاتر بۆ یارمەتیدانی حکومەت لە قۆناخی ئێستا، موزهەر محەممەد ساڵح رەتیکردەوە حکومەت نیازی ئەو کارەی هەبێت.
راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، "پێم وانییە بابەتێکی لەو شێوەیە ئێستا لەناو حکومەتدا باس بکرێت."
پێشتر حکومەتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بۆ دابینکردنی پارەی نەختینەیی، رێوشوێنێکی گرتەبەر، بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزاند، بەجۆرێک نرخی فەرمیی دۆلاری لە 1200 دینارەوە بۆ 1450 دینار گۆڕی.
بە گوتەی موزهەر محەممەد ساڵح، "بڕی پارەی چاپکراو لە عێراقدا نزیکەی 100 تریلیۆن دینارە، ئەمەش ژمارەیەکی جێگیر نییە و بەردەوام لە زیاد و کەمدایە."
بودجەی بەکاربردن، کە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتی و پسووڵەی خۆراک دەگرێتەوە، نزیکەی 65٪ـی کۆی گشتیی بودجە پێکدەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ