دوایین بازگەى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە دەستەى دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە بەسترایەوە

11-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

دوایین بازگەى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى بە سیستمێکى تۆڕى چاودێریى بەسترایەوە بە دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراقەوە. سەرۆکى ئەو دەستەیە دەڵێت: "رێگە بە تێپەڕبوونى هیچ کاڵایەک نادەین لە دەروازە سنوورییەکانى پارێزگا هاوسنوورەکانى حکومەتى فیدراڵییەوە هاوردە بکرێ تاوەکو وردبینی و پشکنینى بۆ نەکرێت".
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، ئەو هەنگاوە ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانى 2025 ئەنجامدراوە و بازگەى باوە مەحموود لەنێوان ئیدارەى گەرمیانى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دیالە بەو سیستمە بەستراوەتەوە. 
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، 11ـی حوزەیران بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "باوە مەحموود دوایین دەروازەى سنوورى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى عێراق بوو کە بەو سیستمە ببەسترێتەوە".
 
ئەو هەنگاوەى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق لە یەکى حوزەیرانەوە دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، کامێرا لە سۆنارى بازگەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى دانراوە و بە تۆرێکى ئەلیکترۆنى بە بنکەى سەرەکى دەستەکەوە لە بەغدا بەستراونەتەوە و لەوێ چاودێریی ئەو کاڵایانە دەکرێت کە لەو بازگانەوە بۆ نێوەڕاست و باشوورى عێراق دەرباز دەبن.  
 
بەگوێرەى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، ئەو هەنگاوە بۆ "بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی رێکارەکان و دەستەبەرکردنى دادپەروەرییە لە وەرگرتنی رسوماتدا".
 
یەکەم هەنگاوى بەستنەوەى بازگەکان بە بەغداوە لە بازگەى "سەد"ـی نێوان دهۆک و نەینەوا دەستیپێکرد.
 
عومەر وائیلی، سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق لەبارەی بەستنەوەى بازگەى باوە مەحموود بەو سیستمە گوتى:" ئەم بازگەیە گرنگە؛ لەمەدوا لە سەنتەرى پەیوەندى تۆڕى دەستەى دەروازە سنوورییەکان، وردبینى لەو کاڵایانە دەکرێت کە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و رێگە بەتێپەڕبوونى هیچ کاڵایەک نادەین کە لە دەروازە سنوورییەکانى پارێزگا هاوسنوورەکانى حکومەتى فیدراڵى هاوردە کرابێت، تاوەکو وردبینی و پشکنینى بۆ نەکرێت و جیاوازى رسووماتەکەى نەدرێ و دڵنیا نەبنەوە لە پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی".
 
ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 270ـی ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراقە کە تایبەتە بە یەکخستنى پێناسى گومرگى و دیاریکردنى نرخى نوێ بۆ گومرگ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە