رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلى گەرماى هاوین لە عێراق، کێشەیەکى دیکەى لەگەڵ خۆیدا گەرم کردەوە؛ پێدانى کارەبا بۆ نزیکەى 20 هەزار مێگاوات کەمی کرد، بەهۆى ئەوەى ئێران هەناردەى گازەکەى بۆ عێراق بۆ نیوە کەمکردەوە. کەمکردنەوەى گازى ئێران بۆ وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا بەهۆى ئەوەیە ئابلوقەکانى ئەمریکا رێگە نادات عێراق قەرزەکانى بداتەوە.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق دەڵێت، "گازى هاوردەکراو کەمبووەتەوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا لەکاتێکدا پێویستمان بە 55 بۆ 60 ملیۆن مەتر سێجا هەیە، بەهۆى ئەوەوە پێنج هەزار مێگاوات کارەبامان لەدەستداوە و ئەوەش کاریگەرى لەسەر کاژێرەکانى پێدانى کارەبا هەبووە، لە لایەنى ئێرانیمان پرسی، پێیانگوتین کە دەبێت هەموو پارەکەمان پێبدەین."
وەزارەتى کارەباى عێراق 11 تریلیۆن دینار قەرزى ئێرانى لە بانکى بازرگانیى عێراق داناوە، بەڵام بەهۆى سزاکانى سەر ئێران نەیتوانیوە وەریبگرێت.
لە رۆژانى ئاسایی عێراق رۆژانە پێویستى بە 22 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام لە وەرزى گەرمادا بەکارهێنانى رۆژانە دەگاتە زیاتر لە 34 هەزار مێگاوات، ئەو وێستگانەى بە گاز کاردەکەن رۆژانە 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنن، عێراق رۆژانە پێویستى بە زیاتر لە 45 ملیۆن مەتر سێجا گازى ئێران هەیە بۆ کارکردنى وێستگەکانى کارەبا، بەڵام ئێستا 21 ملیۆن مەتر سێجاى لە ئێرانەوە پێدەگات.
ئێستا و لە وەرزى گەرمادا، بە هەردوو کارەباى نیشتیمانى و موەلیدە ئەهلییەکان، دەتوانن نزیکەى 16 کاژێر کارەبا بدەنە هاووڵاتییانی شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق، کە پلەی گەرمایان گەیشتووەتە 50 پلە و زیاتریش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ