سزاى لەسێدارەدانى بکوژى هیشام هاشمى هەڵوەشێندرایەوە

11-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەى تێهەڵچوونەوەى عێراق سزاى لەسێدارەدان لە دژى بکوژى هیشام هاشمى، لێکۆڵەرى عێراقى هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا کە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەکەدا بکرێتەوە بە پاساوى ئەوەى ئەو لیژنەیەی حکومەتى پێشوو بۆ لێکۆڵینەوە پێکى هێناوە "مافى یاسایى نەبووە"، خانەوادەى ئەو لێکۆڵەرە داوا لە سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى دەکات رێگرى بکات لە گۆڕینى رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان.
 
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق لە 31ى تەممووزى 2023 دادگەى تێهەڵچوونەوەى عێراق بڕیاری داوە بەهەڵوەشاندنەوەى سزاى لە سێدارەدان لە دژى بکوژى هیشام هاشمى، لێکۆڵەرى عێراقى.
 
رۆژی 7ى ئایارى 2023 دادگەى ناوەندى تاوانەکانى عێراق ئەحمەد حەمداوى تۆمەتبارى سەرەکى کوشتنى هیشام هاشمى بە لەسێداردان سزا دا و دواى حەوت رۆژ پارێزەرى تۆمەتبارەکە داواى تێهەڵچوونەوەى بڕیارەکەى کردووە.
 
بەگوێرەى ئەو بڕیارەى دادگەى تێهەڵچوونەوەى عێراق، کە واژوى فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بەسەرەوەیە، لە ساڵى 2020 لیژنەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنى هیشام هاشمى، لەکاتێکدا ئەو لیژنەیە دەسەڵاتى یاسایى نییە بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە، ئەوەشی بە هۆکارى هەڵوەشاندنەوەى سزاکە داناوە و بڕیاریشداوە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە بکرێتەوە.
 
هیشام هاشمى، لێکۆڵەرى عێراقى لە 6ى مانگى تەممووزى ساڵى 2020 لە نزیک ماڵەکەی لە بەغدا تیرۆر کرا.
 
لەپاش ساڵێک لەو رووداوە، لە مانگى تەممووزى 2021 تۆمەتبارى سەرەکیی ئەو رووداوە دەستگیر کرا، لە 14ى کانوونى یەکەمى هەمان ساڵ یەکەم دانیشتنى دادگە بۆ ئەو دۆسیەیە دواخرا، لەپاش ئەوەى پارێزەرى تۆمەتبارەکە داواى دواخستنى کرد بەمەبەستى دووبارە پشکنینى تەندروستى، کە پێشتر بۆ تۆمەتبارەکە کرابوو.
 
پێشتر دەزگا ئەمنییەکانى عێراق دانپێدانانى تۆمەتبارى سەرەکى ئەو دۆسێیەیان بڵاوکردەوە، کە ناوى ئەحمەد حەمداویە و تەمەنى 36 ساڵە و ئەفسەر بووە لە دەزگا ئەمنییەکان.
 
رۆژی 10ى ئابى 2023 خانەوادەى هیشام هاشمى روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە بەرامبەر بەو تۆمەتبارە شۆکى کردین، کە دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و بەڵگەکانیش ئەوە دەسەلمێنن".
 
خانەوادەى هیشام هاشمى هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە بە "سیاسى"دەزانن و داوایان لە سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کردووە بەدواداچوون بۆ بەڵگەنامەکان بکات و دەرەفەت نەدات بە گۆرینى رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە