رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵی تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى رێکخراوێک لە دژى چوار بەرپرسی هەرێمى کوردستان تۆماری کردووە لەبارەى رێگەنەدان بە هاوردەکردنى پێداویستیى تەندروستى.
رۆژی دووشەممە 14 ى ئابى 2023 دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن د. سادق عەلى ئەسغەر، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى نێردەى هاریکارى نێودەوڵەتى لە عێراق لەدژى هەریەک لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشى گومرگ، ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردسان لە بەغدا تۆماری کردووە.
سکاڵاکارەکە بانگەشەى ئەوەدەکات، کە بەهۆى نووسینى پەراوێزێک لەسەر نووسراوێکى دەستەى گومرگى هەرێمى کوردستان لەلایەن وەزیرى داراییەوە لە بارەى هاوردەکردنى ژمارەیەک پێداویستیى پزیشکى، زیان بە بەرژەوەندیى تایبەت و گشتى کەوتووە، داواش دەکات یاسای گومرگى ژمارە 23ى ساڵى 1984ى عێراق لەو بارەیەوە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەى بتوانن بەردەوام بن لە هاوردەکردنى پێداویستیی پزیشکى کە بێ بەرامبەر دەبەخشرێتە حکومەتى فیدراڵى عێراق.
رۆژی 11ى ئابى 2023، ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تێبینى لەسەر نووسراوەکانى ئەو رێکخراوە هەبووە، کە وردەکاریى تێدا نەبووە، لەگەڵ ناوى ئەو کاڵایانەى کە دەیەوێت هاوردەی بکات."
ساماڵ عەبدولرەحمان گوتیشى: "ئەو رێکخراوە لەلایەن حکوومەتى فیدراڵى عێرقەوە نووسراوى لێخۆشبوونى بۆ کراوە بۆ هاوردەکردنى ئەو پێداویستییە پزیشکییانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ