رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەشێوەیەکی لەناکاو زیاتر لە 6000 مێگاواتی لەدەستداوە و لە ئەنجامیشدا کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبای لێکەوتووەتەوە. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، تیمەکانیان لە ناوەندەکانی کۆنترۆڵ لە ئامادەباشیدان بۆ گەڕاندنەوەی یەکەکان و هێڵەکان بە قۆناخ لە کاژێرەکانی داهاتوودا.
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی بار (لۆد) لەسەر تۆڕەکان لە کەربەلا و بابل، بووەتە هۆی پچڕانی دوو هێڵی گواستنەوەی وزە (موسەییب - بابل 400 کەیڤی) و کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، هۆکاری کوژانەوەکەی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی، زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا، هەروەها زیادبوونی لۆدەکان لە پارێزگاکانی بابل و کەربەلا بەهۆی هاتنی ملیۆنان زیارەتکارەوە گەڕاندەوە و گوتی: "هێڵەکانی گواستنەوەی وزە (موسەییب - بابل ژمارە 1 و 2 بە توانای 400 کەیڤی) پچڕاون."
هەروەها ئەوەشی روونکردووەتەوە، تیمەکانی کارەبا ئێستا لەوپەڕی ئامادەباشیدان و لە ناوەندەکانی کۆنترۆڵ ئامادەن بۆ ئەوەی لە کاژێرەکانی داهاتوودا یەکە لەکارکەوتووەکان و هێڵەکانی گواستنەوە بە قۆناخ بگەڕێننەوە سەر کار.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات کارەبای بەفیڕۆ نەدەن و لۆدەکان لەسەر تۆڕەکە کەمبکەنەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەم بەرزبوونەوە پێوانەییەی پلەی گەرما.
دانیاڵ عەبدوڵڵا عەزیز، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای کەرکووک، ئەمڕۆ 11ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کەرکووک و تەواوی عێراق کارەبای نیشتمانی کوژاوەتەوە. تاوەکو ئێستا هۆکاری کوژانەوەکە نازانین و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن".
هاوکات، محەممەد نووری عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی کارەبا و وزە لە پەرلەمانی عێراق، لە پۆستێکی فەیسبووکدا رایگەیاند، کوژانەوەی تەواوەتیی سیستمی کارەبا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە لە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەدا.
ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی 29ی تەمموزی2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەرهەمی ئێستایان 26 هەزار مێگاوات کارەبایە، لەکاتێکدا خواست لەسەر کارەبا 54 هەزار مێگاوات کارەبایە، ئەمەش واتای ئەوەیە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان بەرهەمی بەدەستهاتوو و خواست هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ