رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵی بە بڕیاری ژمارە 59ی ساڵی 2025، دەستووری بوونی هەموارکردنی یاسای باری کەسی راگەیاند و ئەو تانانەی رەتکردەوە کە لە دژی هەموارەکە پێشکێش کرابوون.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیارەکەدا جەختی لەسەر دروستیی رێکارەکانی پەرلەمان سەبارەت بە دەرکردنی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2025 (یاسای هەموارکردنی یاسای باری کەسی) کردووەتەوە.
تانەکە لەلایەن چوار پەرلەمانتاری عێراق، سەرۆکی تۆڕی ئافرەتانی عێراقی، سەرۆکی رێکخراوی (ئیسن) بۆ مافەکانی مرۆڤ، سەرۆکی رێکخراوی ئازادی ژنان و دوو کەسایەتی دیکە تۆمارکرابوو.
دادگەکە رایگەیاندووە، رێژەی یاسایی لە سەرجەم دانیشتنەکانی تایبەت بە خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساکە و دەنگدان لەسەری هەبووە. لەگەڵ "دەستووریبوونی ئەوەی لە هەموارەکەدا هاتووە سەبارەت بە میکانیزم و ئازادیی هەڵبژاردنی حوکمەکانی مەزهەبی جەعفەری لە بابەتەکانی باری کەسی."
دادگەی فیدراڵی دەڵێت: "ئەوەی لە هەموارەکەدا هاتووە، بەرجەستەکردن و جێبەجێکردنێکی دروستی بڕگەکانی دەستوور و دەقی مادەی 41ـی دەستوورە کە تێیدا هاتووە، عێراقییەکان ئازادن لە پابەندبوون بە باری کەسییانەوە، بەپێی ئایین، مەزهەب، بیروباوەڕ یان هەڵبژاردنەکانیان، ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێت."
هەموارى یاسای باری کەسی لە 21ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، 17ی شوبات لە رۆژنامەی وەقائیعیی عێراقی بڵاو کرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردن، بەڵام لە هەموارەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە پێویستە وەقفی شیعە تۆمارگەیەکی حوکمەکانی مەزهەبی جەعفەری ئامادە بکات بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، کە تایبەتە بە وردەکاریی مامەڵەی دادگەکان لەگەڵ پرسەکانی تایبەت بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە لەنێو شیعەدا.
بەگوێرەی هەموارەکە ئەو کوڕ و کچەی لەسەر مەزهەبی جەعفەریی شیعە هاوسەرگیری دەکەن و گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لە دادگەی باری کەسی تۆمار دەکرێت، ناتوانن دواتر بژارەی مەزهەبەکەیان لەو هاوسەرگیرییە بگۆڕن.
رۆژی 27ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق دەنگی بە تۆمارگەی حوکمە شەرعییەکانی مەزهەبی جەعفەریی شیعە دا کە 337 بڕگەیە، وەک تەواوکاریی جێبەجێکردنی هەموارى یاسای باری کەسی و کارکردنی دادگەکان بەگوێرەی ئەو مەزهەبە بۆ مامەڵەکانی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری.
تۆمارگەکە لەلایەن وەقفی شیعە ئامادە کراوە، بەشێکە لە بنەماکانی جێبەجێکردنی هەموارى یاسای باری کەسی بۆ ئەوەی لە پرسەکانی تایبەت بە هاوسەرگیریی شوێنکەوتووانی مەزهەبی شیعە کاری پێبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ