رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەسرە، مەزارگەی هاوەڵێکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) دەسووتێنرێت و دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق هەڕەشە دەکات، "ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە."
دیمەنێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، تێیدا دەردەکەوێت کە مەزار و گۆڕی ئەنەسی کوڕی مالیک هاوەڵی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) لە پارێزگای بەسرە سووتێنراوە و تێکدراوە.
لەسەر رووداوەکە، رۆژی 10-11-2023، دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، باس لەوەدەکات، "جێگەی داخە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنێک بڵاوبووەتەوە کە بە ئەنقەسەت مەزاری هاوەڵ و خەزمەتکاری پێغەمبەر (د.خ.)، ئەنەسی کوڕی مالیک تێکدراوە."
دیوانەکە دووپاتی دەکاتەوە، "پێویستە پارێزگاری لە دەستکەوتی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی خەڵکی بەسرە و عێراقییەکان بەگشتی بکرێت و دەست بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە نەبرێت لە رێگەی هەڵسوکەوتی نا یاسایی، نا ئاکاریی، نابەرپرسانە، بێ پاساو و ناڕەوا."
دیوانی وەقفی سوننە لە عێراق، داوا لە پارێزگاری بەسرە، بەرپرسانی پەیوەندیدار، لایەنی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات رووبەڕووی ئەو پەلامار و دنەدانە ببنەوە و دەستبەجێ سنووری بۆ دابنرێت و تاوانکاران بدرێنە دادگە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن لەسەر ئەو کارەی کردووویانە کە پێشێلکردنی سنووری یاسایە، دەستبردنە بۆ یاسا و بنەما نەگۆڕەکان و پیرۆزیی ئایینی موسڵمان بە گشتی و خەڵکی سوننە بەتایبەتی.
دیوانی وەقفی سوننە دەڵێت، "بە پێچەوانەوە ناچار دەبن پەنا بۆ دادگەی ناوەندی ببەن لە بەغدا بۆ راگرتنی ئەو پێشلکارییانە"، حکومەتی خۆجێی بەسرە بە بەرپرس دەزانێت و پێیوایە دەستەوسانە لە پاراستنی ئاسایشی هەمووان.
مەزاری ئەنەسی کوڕی مالیک دەکەوێتە باکووری قەزای زوبێر لە رۆژئاوای پارێزگای بەسرە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانە و شعێبەیە، وەک ناوچەیەکی شوێنەواری لە عێراق تۆمارکراوە.
ئەمە یەکەمجار نییە مەزارەکە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە دەبێتەوە لەو پارێزگا زۆرینە شیعەیە، ساڵی 2019 بەهەمان شێوە رووبەڕووی کارێکی تێکدەرانە بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ