رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارە شیعەکان کە خۆیان وەک مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن دەڵێن، هێرشیانکردووەتە سەر بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عەین ئەسەد و سەرچاوەیەکی ئەمنیش دەڵێت، دانیشتووانی ناوچەکە گوێیان لە زەنگی ئاگادارکردنەوە بووە، بەڵام گوێیان لە دەنگی هیچ تەقینەوەیەک نەبووە.
ئەو گرووپە چەکدارانە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، هێرشەکەیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کردووە. گرووپەکە لەبارەی هۆکاری هێرشەکە دەڵێت، "لە تۆڵەی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە و کردنە ئامانجی موجاهید و مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق".
لەوبارەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 11-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دانیشتووانی نزیک سەربازگەی عەین ئەسەد گوێیان لە زەنگی ئاگادارکردنەوەی سەربازگەکە بووە، بەڵام گوێیان لە دەنگی هیچ تەقینەوە و کردنە ئامانجێک نەبووە".
سەربازگەی عەین ئەسەد دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە جێگیرکراون.
رۆژی یەکشەممە، 03-12-2023، کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداریی شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" ناساندووە رایگەیاند، پێنج چەکداریان کوژراون و ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
هەروەها رۆژی سێشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2023، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم رایگەیاند، "لە عێراقەوە بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی روومێلان لە سووریا، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە".
دوای هێرشەکەش، سێنتکۆم دەستبەجێ هێزە عێراقییەکانی ئاگادار کردوونەتەوە و گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە سەکۆی مووشەکی لەنێودا جێگیر کرابوو.
لە 17ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵەوە و دوای چڕبوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا دەیان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و لە بەرامبەریشدا هێزەکانی ئەمریکا بنکە و چەکدارانی ئەو گرووپانەیان لە چەند شوێنێک کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ