رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیی عێراق، داوا لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە دەکات، کە پابەندی جێبەجێکردنی رسوماتی گومرگی بن لەسەر ژمارەیەک کاڵای خۆراکیی هاوردەکراو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیی کرد کە تێیدا وەزیرانی نەوت و بازرگانی و سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکان ئامادە بوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە راسپاردنی هەموو دەروازە سنوورییەکان، بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 24614ـی ساڵی 2024ـی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە رسوماتی گومرگی لەسەر بەرهەمەکانی خۆراکی، هەروەها جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 11ـی ساڵی 2010ـی پاراستنی بەرهەمەکانی عێراقی.
تاوەکو ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هاوردەکردن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێکنەکەوتوون. سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: "بەشێکی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی دۆلار لە بەسڕەوە کالا و کەلوپەل هاوردە دەکەن".
پێدانی زانیاری و گومرگی پێشوەختە بۆ کاڵا هاوردەکان، بەشێکی سەرەکیی سیستمی ئەسیکۆدایە، کە تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نێوەڕۆکەکەی رێکنەکەوتوون.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی هەرێمی کورستان پابەندی سیستمی ئەسیکۆدا نەبووە، حکومەتی عێراق ئامادە نییە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ ئەو بازرگانانە حەواڵە بکات، هاوردەیان لە هەرێمی کوردستانەوەیە".
لە هەرێمی کوردستان 41,562 کۆمپانیا دامەزراون، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە ناچاریان بکات، هەموو کۆمپانیاکان پێش هەموو هاوردەکردنێک زانیاری و گومرگیان پێ بدەن.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران گوتی: "ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆلاریان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بۆ حەواڵە بکرێت دەبێ کاڵاکان لە بەسڕەوە هاوردە بکەن و گومرگ بدەنە حکومەتی عێراق".
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران، هاوردەکردنی شتومەکی بازگانی لە دەروازەکانی عێراقەوە زیانی بۆ بازرگانان نابێت و نابێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخیش.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق زیانە بۆ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، چونکە هەر بازرگانێک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە وەکو ئیبراهیم خەلیل، یان باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە کەرەستەکانی هاوردە بکات و گومرگ بە هەرێمی کوردستان بدات هیچ بڕە دۆلارێکی بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ خەرج ناکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیی ، نرخی غازی شل (LPG) بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی، جگە لە کارگەکانی خشت، بە 300 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاری کرا. هەروەها بڕیاردرا پێشنیازێک بۆ زیادکردنی سەرمایەی بانکی پیشەسازی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
سەبارەت بە قەرزە کۆنەکان، بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک درا بۆ تاوتوێکردنی قەرزەکانی کۆمپانیاکانی وەزارەتی پیشەسازی و کەرتی تایبەت کە مێژووەکەیان بۆ پێش ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، بە مەبەستی پاکتاوکردنیان لە بودجەی ساڵی 2026ـدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ