رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی مەیسان شەش جووتیاریان رزگارکرد کە بەهۆی لافاوەوە لە دوورگەیەک لە نزیک سنووری ئێران لە قەزای عەلی غەربی گیریان خواردبوو.
نەواس سەباح شاکر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لافاوەکە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە لە سنووری ئێرانەوە هاتبوو و جووتیارەکانی بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت کاژێر گەمارۆ دابوو، دواتر تیمەکانمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان توانییان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە بەلەم رزگاریان بکەن."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتیشی،" ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی بەهێزیی لافاوەکە و سەختیی ناوچەکە ئاڵۆز بوو و بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و تەمومژەوە فڕۆکە نەیتوانیوە بەشدار بێت، بەڵام بەلەمەکانی رزگارکردن توانیویانە بگەنە جووتیارەکان و بە سەلامەتی بیانگوێزنەوە."
نەواس سەباح شاکر راشیگەیاند، "بەهۆی مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لەنێو ئاوەکە و ساردی کەشوهەوا تەندروستییان باش نەبوو."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، قەزای عەلی غەربی و ناوچەکانی باکووری مەیسان رووبەڕووی شەپۆلێکی لافاو بوونەتەوە کە لە سنووری ئێرانەوە هاتبوو.
نەواس سەباح شاکر، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە پارێزگای نەجەفیش بارانێکی بەخوڕ باریوە و ئاو چووەتە نێو ماڵانەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ