رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، تاوتوێى سکاڵایەک دەکات بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان، سەرجەم ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى شارەوانییانە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لەدواى کۆتاییهاتنی ماوەى یاساییان دەریانکردوون.
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، رۆژی یەکشەممە، 14ى کانوونى دووەمی 2024، ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵایەک دەکات، کە لەلایەن چوار سکاڵاکارەوە پێشکێشکراوە.
سکاڵاکاران داوایانکردووە مادەى 35ى یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەڵبوەشێندرێتەوە، کە دەسەڵات بە ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەدات ئەنجوومەنى شارەوانى پێکبهێنن بەگوێرە پەیڕەوێکى تایبەت کە ئەنجوومەنى وەزیران لەسەر پێشنیازى وەزارەتى شارەوانى دەری دەکات، هەروەها بەشێک لە سکاڵاکە دژى ئەو رێنماییەیە، کە حکومەت بۆ پێکهێنانى ئەو ئەنجوومەنانە دەریکردووە.
هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2000 کراوە، بەگوێرەى یاساى بەڕێوەبردنى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى ساڵى 1993، ئەندامانى ئەو ئەنجوومەنانە بە هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێن، کە بۆ ماوەى چوار ساڵە.
پێشتر لە 10ى کانوونى یەکەمى 2023، شەرمین خزر بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو: "سکاڵاکە لەلایەن چوار کەسەوە تۆمارکراوە، کە دوویان خەڵکى پارێزگاى سلێمانین، یەکێکیان خەڵکی هەولێر و ئەوی دیکەش خەڵکی دهۆکە".
لە ساڵى 2020 وەزارەتى شارەوانى رێنمایی هەڵبژاردنى ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى دەرکرد، زۆربەى ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکان لە هەر سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردران، کە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان دەگرێتەوە، ئەو ئەنجوومەنانە لە بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان پێکدێن و ئەرکیان یەکلاکردنەوەى ئەو پرسانەیە کە پەیوەندارن بە شارەوانییەکانەوە.
سکاڵاکارەکان داوایانکردووە هەرچى بڕیارێک لەدواى کۆتاییهاتنى ماوەى یاسایی ئەو ئەنجوومەنانە دەرکراون، هەڵبوەشێندرێنەوە.
رۆژی 24-09-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەو یاسا هەموارکراوەی رەتکردەوە، کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی پێ درێژکرابووەوە.
بەر لەوەش لە 30ى ئایارى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاریدا بە"نادەستووریبوون"ی یاسای ژمارە 12ى درێژکردنەوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە لە 9ى تشرینى یەکەمى 2022 دەرکرا و رایگەیاند، تەمەنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ کۆتاییهاتنى خولى پێنجەم کۆتایی هاتووە و هەر بڕیارێک لە دواى کۆتاییهاتنى ئەو ماوەیەوە دەرکرابێت لە رووى دەستوورییەوە پووچەڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ