عێراق لە دەیان ملیۆن دۆلار قەرزی مۆزەمبیق خۆش دەبێت

12-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی مۆزەمبیق رایگەیاند، عێراق لە 256 ملیۆن دۆلاری قەرزی سەر ئەو وڵاتە خۆش بووە. قەرزەکە پارەی نەوت بووە و بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 11ی شوباتی 2025 وەزارەتی دارایی مۆزەمبیق رایگەیاند، 320.2 ملیۆن دۆلار قەرزداری عێراق بوون، بەڵام عێراق لە 256 ملیۆن دۆلاری قەرزەکە خۆش دەبێت.
 
وەکو وەزارەتی دارایی مۆزەمبیق ئاماژەی پێدەکات، عێراق لە 80%ی قەرزەکانی خۆش بووە و ئەو 64 ملیۆن دۆلارەی کە ماوە، لە ماوەی 15 ساڵدا بە عێراقی دەدەنەوە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، مۆزەمبیق تاوەکو ساڵی 2029 هیچ قەرزێکی عێراق ناداتەوە، لەو ساڵە بەدواوە تاوەکو 15 ساڵی دواتر 64 ملیۆن دۆلارەکە دەداتەوە.
 
رێککەوتنەکە دوای گفتوگۆکانی نێوان عێراق و مۆزەمبیق هات، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە دوبەی کردیان.
 
قەرزەکە بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، لەو کاتەدا عێراق بە بڕی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار نەوتی بە قەرز بە مۆزەمبیق فرۆشتووە. بەهۆی سووی بانکییەوە قەرزەکە لەو کاتەوە گەیشتووەتە 320 ملیۆن دۆلار.
 
مۆزەمبیق دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و لەگەڵ هەریەکە لە تەنزانیا، مالاویی، زامبیا، زیمبابۆی و ئەفریقای باشوور هاوسنوورە.
 
وڵاتەکە بە گازی سرووشتی دەوڵەمەندە و دانیشتووانەکەی زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.
 
هەروەها وڵاتەکە لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین گەندەڵیی تێدایە و رووبەڕووی کێشەیەکی قوڵی ئابووری بووەتەوە. قەرزە دەرەکییەکانی وڵاتەکە بە 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە