رووداو دیجیتاڵ
بە 62 مامەڵەى وەهمى و ساختە زیاتر لە 12 ملیار دینار لە دوو لقى بانکى رافیدەین براوە، هەندێک لەو پارانە لە رێگەى 11 مامەڵەوە بۆ کۆمپانیایەک خەرجکراوە، کە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکەی داعش بووە.
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکیى عێراق بەهۆى ئاشکرابوونى ئەو دۆسیەوە، بەڕێوەبەرى گشتیی پێشووى فەرمانگەى تەندروستیى سەڵاحەدین و یاریدەدەرەکەى و هەشت فەرمانبەرى دیکەى ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستگیرکراون.
بە 62 مامەڵەى ساختە و وەهمى ئەو پارانە لە سپاردەى دارایی باجى چەند کۆمپانیایەک براوە لە هەر دوو لقى بانکى رافیدەین لە تکریت و بەلەد لە سەڵاحەدەین، بەبێ ئەوەى ئەو کۆمپانیایانە ئاگادار بووبن پارە لە سپاردە داراییەکانیان راکێشراوە.
بڕى پارەکە 12 ملیار و 14 ملیۆن و 877 هەزار و 230 دینار بووە، بە ناوى هەندێک کۆمپانیاوە وەرگیران کە لە بوارى پاککردنەوە، ئامێر و پێداویستیی پزیشکییەوە خەرج کراوە یان دراوە بە کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو کۆمپانیایانەوە نەبووە.
11 مامەڵەیان لە نێوان ساڵانى 2016 و 2017 بۆ کۆمپانیایەکى پاکەرەوە خەرجکراوە کە بە گوێرەى دەستەى دەستپاکى عێراق، بەڕێوەبەرى رێگەپێدراوى کۆمپانیایەکە سەر بە رێکخراو داعش بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ