رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بەئامانجکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" و "تێپەڕاندنێکی مەترسیداری سەروەریی عێراق" وەسف کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی ئاداری 2026، نووری مالیکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "فراوانکردنی بازنەی جەنگ بۆ ناوچە نوێیەکانی ناوخۆی عێراق و بەئامانجکردنی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربازیی فەرمی لە نێو سیستمی ئەمنیی دەوڵەتدا، بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق دادەنرێت".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی: "ئێمە سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییە ستەمکارانەیە دەکەین و داوا لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین لە سەنگەرێکی نیشتمانیی یەکگرتوودا بوەستن، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی کە لەلایەن هێزە زایۆنیستەکان و بە پاڵپشتیی ئەمریکا ئەنجام دەدرێن".
مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد، کە گەلی عێراق بە هەموو شێوەیەک ئەم هێرشانە رەتدەکاتەوە و سەرکۆنەی بەئامانجکردنی رۆڵەکانی عێراق دەکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نووری مالکی نووسیویەتی: "رەحمەت بۆ شەهیدەکان، رووڕەشی و شەرمەزاریش بۆ هەموو ئەوانەی رێسا و یاسا و بەهاکانی نێوان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ