رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێ، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمزەوە هەناردەکردنی نەوت لە باشووری عێراقەوە وەستاوە، بۆیە بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات ''لە نزیکترین کاتدا'' رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە واژۆ دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی ''پلانی تۆکمەی'' بۆ قۆناخی ئێستا داناوە، بەتایبەتی دوای ئەو دۆخە نوێیەی لە تەنگەی هورمز هاتە ئاراوە کە رێگە نادرێ نەوت بەو رێڕۆیە ئاوییەدا بڕوات.
وەزیری نەوتی عێراق گوتی: "هەناردەکردنی نەوت لە باشوورەوە وەستاوە، ئەمەش وامان لێدەکات بەدوای جێگرەوەی گونجاودا بگەڕێین بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو."
لەبارەی دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "لە واژۆکردنی رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی هێڵی جەیهانی تورکیاوە نزیکین."
رووداو زانیویەتی، پلانی عێراق هەناردەکردنی نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: "پلانمان هەیە رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بە تانکەر هەناردەی هەریەک لە تورکیا، سووریا و ئوردن بکەین."
بەگوتەی حەیان عەبدولغەنی، نەوت 90٪ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت و بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئاستی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بهێڵنەوە؛ گوتیشی: "پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێ و پاڵاوگەکان بەتەواوی توانای خۆیانەوە کار دەکەن؛ هەروەها بڕی پێویست لە گازی شل بۆ دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆی وڵات بەردەستە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ