رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، رێگە نادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبیش بە هەوڵێکی "بێهودە" بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناودەبات.
رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەردەوام لەسەر هێڵە و چاودێریی دۆخی ئەو هێرشانە دەکات، کە کراونەتە سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا.
سەباح نوعمان دەڵێت: "ئەم دەستدرێژییە بەرنامە بۆ داڕێژراو و دووبارەبووانە، تەنیا پێشێلکارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی بێهودەیە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان، لێدان لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و تێکدانی ئەو دەستکەوتە ئەمنییانەی بە خوێنی عێراقییەکان بەدەستهاتوون."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی لە هەڵوێستی بەغدا کردەوە و رایگەیاند: "رێگە نادەین عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان یان شانۆیەک بۆ پێشێلکردنی کەرامەتی نیشتمانی."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێرشێکی فراوان کرایە سەر بارەگاکانی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی قائیم و عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار؛ بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان لەو هێرشانەدا 30 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لە شاری کەرکووکیش، بارەگای فەوجی تایبەتی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدری بۆردوومان کرا. بەپێی زانیارییەکان، لەو هێرشەدا چوار کەس کوژراون و 13ی دیکە بریندار بوون، کە سەرجەم قوربانییەکان لە پێکهاتەی تورکمانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ