سوپای ئەمریکا: فڕۆکەیەکی سووتەمەنیهەڵگرمان لە عێراق کەوتە خوارەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری KC-135ـی سوپای وڵاتەکەی، کە تایبەتە بە دابەشکردنی سووتەمەنی لە ئاسمانەوە، لە ناو خاکی عێراق کەوتووەتە خوارەوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناو جەرگەی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان ئاسا) دان دژی ئێران.
 
رۆژی هەینی 13-03-2026 سێنتکۆم رایگەیاند، دوو فڕۆکە لەنێو رووداوەکەن. یەکێک لە فڕۆکەکان لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام فڕۆکەی دووەم توانیویەتی بە سەلامەتی لە یەکێک لە بنکەکان بنیشێتەوە.
 
فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردووەتەوە، تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی "تەقەی دووژمنکاری" یان "تەقەی دۆستانە" نەبووە. واتە لەلایەن هێزێکی دەرەکی، یان عێراقی نەخراوەتە خوارەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەری هەیە رووداوەکە بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان پێکدادانی ئاسمانیی نێوان دوو فڕۆکەکە بووبێت. 
 
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، ئێستا تیمەکانی رزگارکردن و گەڕان لە شوێنی رووداوەکە لە رۆژئاوای عێراق سەرقاڵی کارن. هەروەها داوای ئارامگری لە میدیاکان و رای گشتی کردووە تاوەکو وردەکاری زیاتر کۆبکەنەوە و زانیارییەکان بە شێوەیەکی دروست بە خێزانی ئەو سەربازانە بگەیەنن کە لە ناو فڕۆکەکەدا بوون.
 
ئەمە دووەم رووداوی لەدەستدانی فڕۆکەیە بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە دەستپێکی جەنگەکە لە 28ـی شوباتەوە، سێنتکۆم بەڵێنی داوە بە زووترین کات راپۆرتی تەواو لەسەر هۆکاری رووداوەکە بڵاوبکاتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە