رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای ئەنبار دەکات و رایدەگەیێنێت، هێرشەکان "پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی وڵاتن."
رۆژی پێنجشەممە، 12-03-2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X بڵاویکردەوە: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە دەکەین، کە کرایە سەر حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم، کە بەهۆیەوە دەیان کەس لە رۆڵەکانی هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمان شەهید و بریندار بوون."
قاسم ئەعرەجی دەڵێت، ئەو بەئامانجگرتنە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە." هاوکات سەرەخۆشیی لە دەستەی حەشدی شەعبی و بنەماڵەی قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی فراوان کرایە سەر چەند بارەگایەکی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی قائیم و عەکاشات لە پارێزگای ئەنبار. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لەو هێرشەدا نزیکەی 30 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێرشێکی دیکە لە کەرکووک کرا و تێیدا بارەگایەکی فەوجی تایبەتی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدری بۆردوومان کرا؛ لەو هێرشەدا چوار کەس کوژران و 13ی دیکە بریندار بوون، کە سەرجەم قوربانییەکان لە پێکهاتەی تورکمانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ