رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداری لە زیادبوونی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەدەن و رایدەگەیێنن، بێدەنگیی حکومەتی فیدراڵ و بەردەوامیی هێرشەکان، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی عێراق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە بەغدا، راگەیێندراوێکی تووندیان دژی ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە، کە ماوەیەکی بەردەوامە ژێرخانی ئابووری و ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەناوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە دەقی راگەیێندراوەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، زۆربەی ئەو هێرشانە لەو ناوچانەوە ئەنجام دەدرێن کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی فیدراڵی لێ جێگیرکراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە گومان و نیگەرانیی زۆر دروست دەکات سەبارەت بە بوونی گرووپی چەکداری بێ دیسپلین و دەرچوو لە یاسا، کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان، بەڵام لە ژێر چاودێریی ناوچەکانی دەسەڵاتی فیدراڵیدا هێرشەکان ئەنجام دەدەن."
فراکسیۆنە کوردستانییەکان نیگەرانیی خۆیان نیشاندا لەوەی هێرشەکان لە رووی چەندایەتی و جوگرافییەوە فراوانتر بوون و ئێستا بە ئاشکرا ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و کێڵگە ئابوورییەکان دەکەنە ئامانج، کە بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون و زیانی مادیی زۆریش بە ژێرخانی هەرێمی کوردستان گەیشتووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، رەخنەی تووند لە حکومەتی فیدراڵ گیراوە، کە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کاریگەری بۆ سزادانی ئەو لایەنانە نەناوە، کە لە پشت هێرشەکانەوەن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هەڵوێستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە ئاستی پێویستدا نەبووە و بە روونی باسی لەو مەترسییانە نەکردووە کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.
نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوایان کرد: لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی راستییەکان پێکبهێندرێت. هەروەها لایەنە بەرپرسەکان و ئەنجامدەرانی هێرشەکان دیاری بکرێن و رووبەڕووی یاسا بکرێنەوەو حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسایشی عێراق جێبەجێ بکات.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە "پرسیاری جیدی لەسەر توانای دەوڵەت بۆ سەپاندنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتییانی دروست دەکات" و چیتر قبوڵکراو نییە هەرێمی کوردستان بکرێتە قوربانیی ململانێکان.
دەقی راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
راگەیێندراو
سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەیداوە نەبێتە بەشێک لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە کاری کردووە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکەدا، بەتایبەتی لە عێراق. بەڵام بەداخەوە ماوەیەکە هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و گەلەکەی. ئەم هێرشانە لەلایەن هەندێک لە گرووپی چەکداری دەرچوو لە یاسا و دەوڵەت ئەنجام دەدرێن.
لە ماوەی دواییشدا بەشێوەیەکی مەترسیدار و بەرچاو، ئەم هێرشە ناڕەوایانە زیادیکردووە چ لە رووی زۆربوونی هێرشەکان و چ لە رووی مەوداو سنووری جوگرافیایی فراوانتر بوونە و تا ئەو ئاستەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل و شوێنی هاووڵاتییان دەکەنە ئامانج. بەداخەوە ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و هەروەها زیانی مادی بەژێرخانی ئابووری و موڵک و ماڵی هاووڵاتییان گەیاندووە.
بەپێی زانیارییەکان و ئەو راستییانەی لە دیدار و کۆبوونەوە ئەمنییەکان خراونەتەڕوو، تەنانەت لە دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقیش زۆربەی ئەم هێرشانە لە ناوچەکانی نزیک لە شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی هێزە سەربازی و ئەمنییە فیدراڵییەکانەوە ئەنجام دراون. ئەمەش گومان و نیگەرانی زۆر دروست دەکات سەبارەت بە بوونی گرووپی چەکداری بێ دیسپلین و دەرچوو لە یاسا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان و لە پشت ئەم هێرشانەن. هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی روون، یان هەنگاوێکی کاریگەر لەلایەن حکومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەگیراونەتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، یان بۆ لێپرسینەوە و سزادانی ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشەوەن.
لە هەمان کاتدا فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێیوایە کە راگەیێندراوی دەرچووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەم رووداوانە لە ئاستی پێویست نەبوو، چونکە بە شێوەیەکی روون باس لەو هێرشانە نەکراوە، کە بەردەوام دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان. بۆیە داوا دەکەین لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی راستییەکان پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی لایەنە بەرپرسەکان دیاری بکرێن و بەپێی یاسا سزا بدرێن. هاوکات جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ژێرخانی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی عێراقە. بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بەبێ رێگرییەکی راستەقینە، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری و پرسیاری جیدی دروست دەکات لەسەر توانای دەوڵەت بۆ سەپاندنی یاسا و پاراستنی هاووڵاتییان.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
11/3/2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ