سۆمۆ: پێکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر هەڕەشەیە بۆ سەر چالاکییە نەوتییەکانی عێراق

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق دەربڕی. جەختیکردەوە، رووداوەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانیی دەریایی و چالاکییە نەوتییەکانی وڵات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، کۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاند، "کەشتیی (SAFESEA VISHNU) کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی هەڵکردووە و بە کرێ دراوە بە یەکێک لەو کۆمپانیا عێراقییانەی گرێبەستی لەگەڵ کردووین، لەکاتی بوونی لە ناوچەی بارکردنی لاوەکی لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، هێرشی کراوەتە سەر." 
 
هەروەها گوتی، "کەشتیی دووەم (ZEFYROS) کە ئاڵای ماڵتای هەڵکردووە و بەرهەمی کۆندێنسەیت (جۆرێک لە نەوتی خاو)ی کۆمپانیای گازی بەسرەی بارکردووە، ئەویش لە هەمان ناوچە هێرشی کراوەتە سەر." 
 
سۆمۆ روونیکردەوە، "بەیانی ئەمڕۆ 12ـی مانگ، کەشتیی (ZEFYROS) خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی بەرەو بەندەری خۆر زوبێر بەڕێبکەوێت بۆ بارکردنی 350 هەزار تۆن بەرهەمی نەفتا، دوای تەواوکردنی پڕۆسەی بارکردنی لاوەکی و بەتاڵکردنی ئەو بڕەی پێشتر پێی بووە." 
 
کۆمپانیاکە جەختیکردەوە، "ئەم پێشهاتە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایش و ئابووریی عێراق دەبێت. هەروەها هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر سەلامەتیی کەشتیوانیی دەریایی و پڕۆسە نەوتییەکان لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق دا." 
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، "دوو کەشتیی نەوتهەڵگر رووبەڕووی کردەوەیەکی تێکدەرانە و ترسنۆکانە بوونەتەوە" و روونیکردەوە، "ئامانجگرتنەکە لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا بووە." 
 
سەعد مەعن هەروەها گوتی، "شەش کەشتی بۆ رزگارکردنی تیمەکان نێردراون و  حکومەت هەوڵدەدات عێراق نەبێتە لایەن لە شەڕەکەدا."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانیش، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و 38 کەسیش رزگارکراون.
 
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکى بەرپرس لە دەسەڵاتى دەریاوانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوو کەشتیی نەوتگوێزەرەوە لە بەندەری فاو بۆردوومان کراون و گڕیان گرتووە کە نەوتی عێراقیان پێبووە و لە دوای جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گیریان خواردووە. 
 
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: بەگوێرەى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بە بەلەمی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر ئەو دوو کەشتییە، بەڵام ئەو لایەنە نەزانراوە کە کارەکەی کردووە.
 
لە 1ـی ئەم مانگەوە، کە دووەەم رۆژی شەڕ بوو، تەنگەى هورمز لە ئاوى کەنداو داخراوە، کە تەنیا رێڕەوى گواستنەوەى نەوتى عێراقە. 
 
بە گوتەى ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە کەشتییەکان ئوستڕالییە و ئەوى دیکە نازانرێت هی چ وڵاتێکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق

سیستانی لەبارەی دیاریکردنی رێبەری نوێی ئێران: هیوادارین سەرکەوتوو بێت

عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق پەیامێکی بەبۆنەی دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بڵاوکردەوە و هیوای خواست سەرکەوتوو بێت لە دوورخستنەوەی "شەڕی دووژمنان."