لە دیالە 15 دۆنم گەنم سووتا

12-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە پارێزگای دیالە، پازدە دۆنم گەنم سووتا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دیالە دەڵێت 335 دۆنم زەوییان لە سووتان رزگار کردووە .
 
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، لە ناحیەی کەنعان کە 22 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای بەعقوبە-ی ناوەندی پارێزگای دیالە کێڵگەیەکی گەنم سووتا.
 
عەمید مونعیم حەمدی مەحمود، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دیالە بە رووداوی گوت: "ئەو کێڵگەی کە ئاگرەکەی لێکەوتەوە رووبەرەکەی 350 دۆنم بووە؛ تەنیا 15 دۆنمی  سووتاوە".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دیالە گوتی: "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دیالە لە ناحیەی کەنعان بە کەمترین ماوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و رێگریان لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە کردووە، 335 دۆنم زەویان لە سووتان رزگار کردووە".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەریی بەرگریی شارستانی دیالە، ئەمە پێنجەمین ئاگرە لە کێڵگەکانی گەنم لە پارێزگاکە دەکەوێتەوە. گوتیشی، بەرگریی شارستانیی دیالە پلانی پێشوەختی داناوە بۆ وەرزی دروێنەوە و پاراستنی زەوییەکان، 22 تیمی گەڕۆکی تەرخانکردووە، بۆ ئەوەی بەپەلە هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگاکەدا کۆنترۆڵ بکەن.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، عەمید مونعیم حەمدی مەحمود دەڵێت، تیمەکانی بەڵگەی تاوان لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە؛ بەڵام زۆرجار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فڕێدانی جگەرە، دروستبوونی پروشکی ئاگر لە ئۆتۆمبێڵ و ئامێرەکان، کردنەوەی ئاگر لەلایەن منداڵان، کەمتەرخەمی لە کردنەوەی ئاگر و شۆڕتی کارەبا.
 

 

 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە