رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی عێراق نییە. بەڵام نایشارێتەوە کە لە ناوچەی نوخێب ژمارەیەک سەرباز بینراون کە قسەکردنیان بە شێوازی عەرەبییەکی ناتەواو بووە.
رۆژی 12ی ئایاری 2026، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای سەربازی کە لە سوپاسالار، بەڕێوەبەری هەواڵگری، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان پێکهاتبوون، سەردانی بیابانی (نوخێب)ـیان لە نێوان ئەنبار و نەجەف کردووە، کە باس لە هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی تێدا دەکرێت.
لیوا تەحسین خەفاجی، وردەکاریی رووداوێکی تەمومژاوی لەو ناوچەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "رۆژی 3ی ئاداری ئەم ساڵ، زانیاریمان پێگەیشت لەبارەی هەبوونی چەند چەکدارێک کە بە عەرەبییەکی ناتەواو قسەیان کردووە. رۆژی 4ی ئادار کاتێک هێزەکانی ئۆپراسیۆنی کەربەلا بەرەو شوێنەکە چوون، لە ئاسمانەوە بۆردوومان کران، بەهۆیەوە سەربازێکمان شەهید بوو و دووانی دیکەش بریندار بوون."
خەفاجی دەشڵێت، "رۆژی 5ی ئادار هێزەکانمان گەڕانەوە هەمان شوێن، بەڵام هیچمان نەدۆزییەوە. رەنگە بەهۆی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل هێزێکی بچووک لەوێ بووبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە هیچ بنکەیەکی سەربازی لەو ناوچەیەدا نییە."
"هیچ بنکەیەک و شوێنەوارێکی سەربازی لێ نییە"
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی بنکەی سەربازی دەکەن و گوتی، "لەوێ نە بنکە هەیە، نە فڕگە و نە هیچ نیشانەیەک کە کارێکی ئیداری یان سەربازی تێدا کرابێت. ئەوەی بینیمان تەنیا زەوییەکی بیابانی وشک بوو وەک هەموو بیابانەکانی دیکە."
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هێزەی کە لە مانگی ئادار هێزەکانی عێراقی بۆردوومان کردووە، لیوا تەحسین باسی لەوە کرد، "هێرشەکە لە ئاسمانەوە بووە، ناتوانین بە دیاریکراوی بڵێین فڕۆکەی کێ بووە، تەنیا ئەوە دەزانین کە لەو کاتەدا هێزەکانمان کرانە ئامانج."
ئەم کاردانەوەیەی عێراق دوای ئەوە دێت کە رۆژی 9ی ئایاری 2026، رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویکردەوە کە ئیسرائیل بنکەیەکی نهێنی لە ناوچەی (نوخێب) دامەزراندووە بۆ پشتیوانی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران.
ناوچەی نوخێب دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و ناوچەیەکی کێشەلەسەرە لە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف، کە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بووەتە جێگەی باس و ململانێ ئەمنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ