رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتووە بۆئەوەی بەشەخۆراکی مانگانەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بگەڕێندرێتەوە و چیدی رێگری لە وەرگرتنی کارتەکانیان نەکرێت.
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026 وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "ئەسیر داوود غەریری، وەزیری بازرگانی توانیویەتی رەزامەندیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بەدەستبهێنێت بۆ لابردنی ئەو رێگری و بەربەستانەی لەسەر بەشەخۆراکی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان هەبوون."
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ نووسراوی سەرۆکایەتیی وەزیرانمان پێگەیشت بە لابردنی بلۆک لەسەر بەشەخۆراکی هێزە ئەمنییەکان، لە مانگی داهاتووەوە بەشەخۆراکیان پێدەدرێت."
زياتر لە 38 ملیۆن کۆبۆنى خۆراک لە عێراق هەن، خاوەکانیان دەتوانن لە رێگەیانەوە مانگانە بەشەخۆراک وەربگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی، "ئەم بڕیارە وەک رێزگرتنێکە بۆ قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتدا."
محەممەد حەنوون دەڵێت، "لە دەسەڵاتی وەزارەتی بازرگانیدا نییە بەشەخۆراکی هیچ کەسێک ببڕێت یان بۆی بگەڕێنێتەوە، مەگەر بەپێی ئەو رێسا و رێکارانە بێت کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دیاریکراون."
ئەسیەر داوود غەریری فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کردووە، بە شێوەیەکی دەستبەجێ بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، هەروەها روونیکردەوە کە نابێت هیچ بڕە پارەیەک یان تێچوویەک لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان وەربگیرێت بۆ کاراکردنەوەی بەشەخۆراکەکەیان، دەبێت وەک هەموو هاونیشتمانییانی دیکە سوودمەند بن.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026 هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تووندی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی کارمەندانی سوپا و پۆلیس و هەموو جۆرەکانی دیکەی هێزە ئەمنییەکان رەتکردەوە، داوای کرد کار بەو بڕیارە نەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ