رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و ئێران دووپات لە تووندکردنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی سنوور دەکەنەوە بۆ رێگریکردن لە جووڵەی گرووپە چەکدارەکان. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش دەڵێت: "رێگە نادەین خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت."
رۆژی دووشەممە 11ـی ئایاری 2026، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق و ئێران بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای هەردوولا لە بەغدا کۆبووەوە. تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات و رێگریکردن لە هەر جۆرە دزەکردنێکی سنووری بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئێرانی زانیارییەکانی خۆی لەبارەی "چالاکیی هەندێک گرووپی چەکداری ئێرانی لە هەرێمی کوردستان" خستووەتەڕوو. هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگییەکان بۆ چارەسەرکردنی ریشەییی ئەم دۆسیەیە.
قاسم ئەعرەجی لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی فەرمیی بەغدای دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش، عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هەر کارێکی دوژمنکارانە یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی وڵاتانی دراوسێ." جەختیشی کردەوە کە بەغدا پابەندە بەوەی رێگە بە هیچ گرووپێک نەدات ئاسایشی دراوسێکان بخاتە مەترسییەوە.
سەرەڕای ئاگربەست ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، بە زیاتر لە 840 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 60یان دوای ئاگربەستی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران بووە.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆکرد بۆ هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات. گرنگترین خاڵەکانى رێککەوتنەکە، دوورخستنەوەى پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ