عێراق داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل بگەڕێننەوە

12-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی عێراق داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەن هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان؛ دەشڵێن: "کەمپەکە بووەتە سەرچاوەی تیرۆر."
 
رۆژی دووشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2023، لە بەغدا کۆنفڕانسێکی تایبەت بە دۆخی کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو و بەرپرسانی عێراقی و جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و نوێنەرانی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری بەشێک لە باڵیۆزخانەی وڵاتان لە عێراق بەشداربوون. 
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لە هەڵوێستی عێراق لە کۆنفڕانسەکەدا کرد و راگەیاند: "کۆتاییهێنان بە پرسی کەمپی هۆل بووەتە بەرژەوەندییەکی باڵا بۆ عێراق."  
 
ئەحمەد سەحاف داوای لە وڵاتانی جیهان کرد: "هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی بەزووترین کات کەمپەکە دابخرێت."
 
کەمپی هۆل، بەگوتەی سەحاف: "بووەتە سەرچاوەی تیرۆر و نێوەندێکی مەترسیدار بۆ کۆبوونەوەی چەکدارانی داعش." 
 
لە کۆنفڕانسەکەدا، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا، عێراق 1396 خێزانی لە کەمپی هۆل گەڕاندووەتەوە کە پێکهاتبوون لە 5 هەزار و 569 هاووڵاتی عێراقی. 
 
بەگوتەی ئەعرەجی، زیاتر لە 25 هەزار هاووڵاتی عێراقی لە کەمپەکەدا ماون کە بەشی زۆریان ژن و منداڵن. 
 
لە کۆنفڕانسەکەدا، جەخت لە باشترکردنی رەوشی کەمپی هۆل کرایەوە، ئامادەبووانی کۆنفڕانسەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕی لەوەی نەوەی داهاتوو لە کەمپی هۆل تێکەڵی ئایدۆلۆژیای داعش بن. 
 
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا کەمپی هۆل زیاتر لە 51 هەزار کەسی تێدایە، کە هاووڵاتیی 57 وڵاتن و بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن. هەروەها 25 هەزار عێراقی لە کەمپەکەن، 19 هەزاریشیان سووری و 12 هەزاریش خەڵکی وڵاتانی دیکەن کە سەر بە 60 نەتەوەی جیاوازن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە