گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا: فەرمانی کشانەوە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەگرێتەوە

12-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، "فەرمانی کشانەوە" باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکە لە هەولێر دەگرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی حوزەیرانی 2025، گوتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە جوولیان بێچوچا، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فەرمانی کشانەوەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر دەگرێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن گوت: "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە پاراستنی سەلامەتیی ئەمریکییەکان، لە نێوخۆ و دەرەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پابەندییە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گونجاوی کارمەندەکانمان لە هەموو باڵیۆزخانەکان دەکەین".
 
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رێنمایی گەشتکردنی بۆ عێراق نوێکردەوە و گەیاندییە بەرزترین ئاستی مەترسی، کە ئاستی 4ـەو بە واتای قەدەخەکردنی گەشتکردن دێت. هاوکات داوایەکی بەپەلە ئاراستەی هاووڵاتییانی دەکات، کە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، گەشت بۆ عێراق نەکەن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، دەکرێت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مەترسیدار" بێت، بۆیە کارمەندەکانیان لە ناوچەکە دەکشێننەوە.
 
پێش گوتەکانی ترەمپ، بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندبوو، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کەمدەکرێتەوە، هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کارمەندەکان لە کوێت و بەحرەینیش گواستراونەتەوە.
 
ترەمپ جەختیشی کردەوە، کە "رێگە نادات" ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لەکاتێکدایە گومانەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران زیاتر بوون.
 
لە بەرامبەردا، ئێران رۆژی چوارشەممە هەڕەشەی کرد، کە ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێت، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە